سەرۆک بارزانی و میری قەتەر: رێگە لە روودانی شەڕی کورد و عەرەب بگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی و میری قەتەر بە تەلەفۆن قسەیان کرد و هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، "پێویستە شەڕ و پێكدادانەكان رابگیرێت و رێگە لەوە بگیرێت كە شەڕی نێوان عەرەب و كورد روو بدات".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی و میری قەتەر، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە  "كێشەكان لە رێگەی حیوار و لێكتێگەیشتن و بە شێوازی ئاشتییانە چارەسەر بكرێن".
 
نێوەڕۆکی قسەکانی سەرۆک بارزانی و میری قەتەر:
 
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 21ی كانوونی دووەمی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و شێخ تەمیم بن حەمەد ئەمیری قەتەر ئەنجام درا.
 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش كرایەوە. هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە شەڕ و پێكدادانەكان ڕابگیرێت و ڕێگە لەوە بگیرێت كە شەڕی نێوان عەرەب و كورد ڕوو بدات و كێشەكان لە ڕێگەی حیوار و لێكتێگەیشتن و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن.