ساڵح گەدۆ: بەمزووانە لەسەر خاڵی سنووری تل كۆچەر لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوین


رووداو-هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی كانتۆنی جزیرە سەردانی شاندەكەیان بۆ بەغدا بە ئەرێنی ناودەبات و رایدەگەیەنێت بەمزو‌وانە لەسەر كردنەوەی خاڵی سنووریی تل كۆچەر- رەبیعە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا رێكدەكەون.

ساڵح گەدۆ، وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جزیرە تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەر ئاستی بازرگانی كۆمەڵێك بەڵێنمان لە بەغدا وەرگرتووە و بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر كردنەوەی خاڵی سنووری تل كۆچەر- رەبیعە لەنێوان رۆژئاوای كوردستان و عێراق لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا رێكبكەوین".

ساڵح گەدۆ بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی هیچ بەرپرسێك بدات، كە بەڵێنی كردنەوەی خاڵی سنووری تل كۆچەری پێداون، رایگەیاند "دیدارەكانی ئێمە زیاتر بازرگانی بوون تا سیاسی و لەگەڵ هیچ بەرپرسێكی سیاسی عێراق كۆنەبووینەتەوە".

وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جزیرە وەك یەكەمین قۆناغی سەردانی بۆ دەرەوەی كانتۆنەكەی، بە یاوەری دوو جێگری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لە سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی بەشێك لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

شاندەكەی كانتۆنی جزیرە دوای ئەوەی نەیانتوانی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە، سەردانی بەغدایان كرد و وەك پێشتر بە رووداویان راگەیاندبوو "كردنەوەی سنوورەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ" یەك لە ئامانجەكانی سەردانەكە دەبێت و جگە لە بەغدا سەردانی ئەنقەرەش دەكەن.

عەلی موسەوی، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رووداو رەتیكردبووەوە هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ كانتۆنی جزیرە هەبووبێت.

هۆشیار زێباری، وەزیری دەروەی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "ئاگام لەو بانەتە نییە و هیچ زانیارییەكم لەسەر سەردانی ئەو شاندە بۆ بەغدا نییە".

ساڵح گەدۆ كە هاوكات سكرتێری پارتی چەپی دیموكراتی كوردە، لە 2014/1/21 وەك وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جزیرە دەستنیشانكرا. بەڵام دواتر ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد  لە 2014/2/4 ئەندامێتی پارتەكەی گەدۆ و پارتی چەپی كورد و ئەكرەم حەسۆی لە ئەنجوومەنی نیشتمانی هەڵوەشاندەوە.