نەورۆز لە شیعر و گۆرانی کوردیدا

رووداو - هەولێر

نەورۆز لە هەموو ژانرەکانی ئەدەبی کوردیدا زۆری لەسەر گوتراوە، بەڵام لە هەموویان زیاتر شیعرە؛ شاعیرانی رێبازی کلاسیک و قۆناخەکانی دیکە شیعریان بۆ نەورۆز گوتووە و بەشێکیشیان لەلایەن هونەرمەندانەوە کراون بە گۆرانی.

نەورۆز یان ساڵی تازەی کوردی، ئەو رۆژەیە کە خەڵکی ئاهەنگ دەگێڕن و خۆیان ئامادەدەکەن بۆ ساڵێکی تازە و هاتنی وەرزی بەهار.

نەورۆز لەلایەن بەشێکی زۆری گەلانی رۆژهەڵاتەوە یاددەکرێتەوە، بەڵام بۆ کورد مانایەکی جیاوازی هەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئەم رۆژە و چیرۆکێکی کۆن. ئەویش چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و کوشتنی زووحاکی دیکتاتۆرە.

شاعیر و نووسەر و رۆشنبیری گەورەی کورد، ئەحمەدی خانی دەڵێت:

بیلجومله‌ ده‌چوونه‌ ده‌ر ژ مالان
حه‌تتا ده‌گه‌هیشته‌ پیر و کالان
رۆژا کو ده‌بوویه‌ عیدێ نه‌ورۆز
ته‌عزیم ژ بۆمه‌ ده‌ما دل ئه‌فرۆز

پیرەمێرد‌:

ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە  

نالی شاعیر لە بەیتێکدا وەها وەسفی نەورۆزی کردووە:

تەشریفی نەوبەھارە کە عالەم دەکا نوێ
دڵ چونکە میسلی خونچەیە بۆیە دەپشکوێ

مەولەوی بەچاوی سرووشتە دڵڕفێنەکەی هەورامان لە نەورۆز دەڕوانێت: 

نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن
یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن

هێمن، شاعیری جوانناسی ئەم شیعرەی بۆ نەورۆز نووسیوە:

بە بەرگی سەوزە رازاوە قەد و لاپاڵ و شیو و دۆڵ
چرۆی دەرکردووە دار و ملیدا یەکتری گیا و گوڵ
بەسەر بەفری کەویدا کرد شەماڵی خاکەلێوە خۆڵ
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جەژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو رۆژەدا من جەژنە پیرۆزە