وەزارەتی ناوخۆ: هەر هاونیشتمانییەک بۆ سەیران دەربچێت، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت

 
رووداو - هەولێر

لەبارەی چوونە دەرەوە بۆ گەشت و سەیران، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان و رایگەیاند "هەر هاونیشتمانییەک بەمەبەستی گەشت و سەیران لە ماڵ دەربچێت، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت".
 
جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی ئەو هاونیشتمانیانە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانیش بە پێبژاردن سزا دەدرێن.
 
هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی سوپاسی هاونیشتمانیان دەکات کە لە ماڵەکانیان دەمێننەوە و پەیڕەوی رێنماییە تەندروستی و کارگێڕییەکان دەکەن و دەڵێ "هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە ئەو بوختان و وێنانەی ئەمشەو بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە".
 
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، قەدەخەی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی "زۆر بە باشی و رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت و هیچ سەرکەشی و سەرپێچییەکیش نییە بۆ سەیرانگە و هاوینەهەوارەکان".
 
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانیان و بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 47 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 13 کەس چاکبوونەتەوە و یەک کەسیش گیانی لەدەستداوە.