لە ئیلام 19 بیری نوێی نەوت هەڵدەکەندرێن

رووداو دیجیتاڵ 

حەسەن بەهرامیان، پارێزگاری ئیلام رایگەیاند، گرێبەستیان بۆ هەڵکەندنی 19 بیری نوێ لە کێڵگەی نەوتی چەنگوڵە واژۆ کردووە کە بە گوتەی خۆی، کاریگەریی لەسەر رەخساندنی هەلیکار، پەرەپێدان و گەشەی ئابووریی پارێزگای ئیلام دەبێت.
 
کێڵگەی نەوتی چەنگوڵە دەکەوێتە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام و، دووەمین کێڵگەی گرنگی نەوتی ئیلامە و مەزەندە دەکرێت چوار ملیار و 300 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدا بێت.
 
عەلی ئەکبەر بەستامی، نوێنەری ئیلام لە پەرلەمانی ئێران، رۆژی 18-09-2023 رایگەیاندبوو، پڕۆژەی دۆزینەوەی نەوت لە کێڵگەی چەنگوڵە دەستیپێکردووە و بڕیارە لەم کێڵگەیەدا 18 بیر هەڵکەندرێن، بەڵام ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناخی لێکۆڵینەوە دایە.
 
جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێرانیش، هەفتەیەک لەمەبەر گوتی: بۆ پەرەپێدانی شەش کێڵگەی نەوت، گرێبەستێکیان بە بەهای زیاتر لە 13 ملیار دۆلار واژۆ کردووە، کە یەکێک لەوان کێڵگەی نەوتی ئازەر لە پارێزگای ئیلامە.
 
کێڵگەی نەوتی ئازەریش لە ناوچەی شاری مێهرانە دایە و کێڵگەیەکی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراقە، درێژبووەوەی کێڵگەی نەوتی چەنگوڵەیە. مەزەندە دەکرێت لەم کێڵگەیەشدا 2 ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل نەوت هەبێت.
 
پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ئازەر بە کۆمپانیای ستات ئۆیلی نەرویج و گازپرۆمی رووسیا درابوو، بەڵام ساڵی 2008 بەهۆی گەمارۆمانی ئەمریکاوە بەجێیانهێشت، ئێستا کۆمپانیای ئەندازیاری و پەرەپێدانی نەوتی ئێران کار لەسەر پڕۆژەکە دەکات.
 
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، نزیکەی 11٪ـی گاز و 5٪ـی نەوتی ئێران لە پارێزگای ئیلامە.