پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ئامەدەوە: ئاشتی تاکە رێگەیە کە داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، کە ئاراستەی بەشداربووانی کەرنەڤاڵی نەورۆزی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان کرد، لەلایەن گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە، جەخت لە پرسی ئاشتی کردەوە و رایدەگەیێنێت، "ئاشتی تاکە رێگەیە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی گەش."
رۆژی شەممە، 21ی ئازاری 2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای پەیامەکەیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی کورد و ئامادەبووانی ئامەد کرد و رایگەیاند: "نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی تایبەتە؛ سیمبوولی زیندووبوونەوە و ئیرادەی ژیانە، هەروەها بەرجەستەکردنی هیواکانی گەلێکە کە هەمیشە تینووی ئازادى و پێکەوەژیان بووە. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و ئارامی بۆ هەمووان."
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-ی لە کەرنەڤاڵەکە خوێندەوە
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەی ساڵانەی خەڵک بۆ نەورۆز لە ئامەد، گوزارشت لە پەیامی کورد دەکات بۆ برایەتی و قبووڵکردنی یەکدی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە گرنگییەوە باسی لە پرسی ئاشتی لە تورکیا کرد و گوتی: "بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا کارێکی مێژووییە و لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی کورد و تورک و تەواوی ناوچەکەدایە. ئاشتی تاکە رێگەیە کە داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر دەکات."
هەروەها باسی لە پەیوەندیی مێژوویی و چارەنووسی هاوبەشی نێوان گەلان کرد و گوتی: "ئێمە له دێرزهمانهوه دراوسێین و هاوچارەنووسین، چارهنووس و بەرژەوەندییەکانمان یەکن. تەنیا لە رێگەی پێكهوهيى و سەقامگیرییەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکان دا سەربکەوین و بەشداريی لە بنیاتنانی ژیانێکی شایستەدا بکەین."
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەستخۆشی لەو هەنگاوانە کرد کە بۆ ئاشتی نراون و رایگەیاند: "بە ئومێدەوە لە هەوڵەکان دەڕوانین و چاومان لە هەنگاوی زیاترە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاریی پرۆسەی ئاشتی دەربڕی و گوتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی هاوكاريى خۆمان بۆ سەرخستنی ئاشتی دووپات دەکەینەوە و چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیرین. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لهم رۆژگارهدا كه ناوچهكه به شهڕ و ململانێى سهخت دا تێدهپهڕێت، ئاشتى ببێتە راستییەکی ههميشهيى."
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
خوشک و برایانی بەڕێز،
ئامادەبووانی هێژا،
جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، بە گەرمی و لە دڵەوە لە تەواوی گەلی کورد و لە ئێوهى ئازیز پیرۆز دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە لە ئامەدی هێژا بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز کۆبوونەتەوە.
نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی تایبەتە؛ سیمبولی زیندووبوونەوە و ئیرادەی ژیانە، هەروەها بەرجەستەکردنی هیواکانی گەلێکە کە هەمیشە تینووی ئازادى و پێکەوەژیان بووە. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و ئارامی بۆ هەمووان.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئێوە کە بووەتە نەریتێکی ساڵانەی جوان له ئامهد، خۆی لە خۆیدا جەژنی ژیان و جوانییە و گوزارشت لە پهرۆشى و پەیامی کورد دەکات بۆ برایەتی و قبووڵکردنی یەکتر.
ئێمە لە کاتێکدا ئەمڕۆ جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەین، دەمانەوێت پشتگيريى دڵسۆزانەی خۆمان بۆ ئاشتی دووپات بکەینەوە. بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا کارێکی مێژووییە و لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی کورد و تورک و تەواوی ناوچەکەدایە. ئاشتی تاقە ڕێگەیە کە داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر دەکات.
ئێمە له دێرزهمانهوه دراوسێین و هاوچارەنووسین، چارهنووس و بەرژەوەندییەکانمان یەکن. تەنیا لە ڕێگەی پێكهوهيى و سەقامگیرییەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەربکەوین و بەشداريی لە بنیاتنانی ژیانێکی شایستەدا؛ بکەین.
لێرەدا سوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە دووپات دەکەمەوە کە تا ئێستا بۆ سەرخستنی ئاشتی نراون. بە ئومێدەوە لە هەوڵەکان دەڕوانین و چاومان لە هەنگاوی زیاترە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی هاوكاريى خۆمان بۆ سەرخستنی ئاشتی دووپات دەکەینەوە و چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیرین. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لهم ڕۆژگارهدا كه ناوچهكه به شهڕ و ململانێى سهختدا تێدهپهڕێت، ئاشتى ببێتە ڕاستییەکی ههميشهيى.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەموو ساڵێک بە خۆشی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان