ژنێکی خەڵکی زاخۆ و سێ منداڵ لە دەریای ئیجە خنکان

رووداو - زاخۆ 

ژنێکی خەڵکی زاخۆ، کە خاوەنی شەش منداڵە، لەگەڵ هاوژینەکەی و منداڵەکانیان ویستوویانە بەڕێگەی قاچاخ خۆیان بگەیەننە یۆنان، بەڵام ئەو بەلەمەی دەیگواستنەوە، لەڕێگەدا نقووم بووە، لە ئەنجامدا ژنەکە و دوو لە منداڵەکانی لەگەڵ منداڵێکی دیکەی کورد، گیانیان لەدەستداوە و هێشتاش تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.

ئەو خێزانە زاخۆییە کەوتوونەتە داوی گرووپێکی قاچاخچیی تورکیا. ئەوان لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ چوار قاچاخچی رێککەوتوون بۆ ئەوەی لەڕێگەی وشکانییەوە لە ئەدرنەوە بگەنە یۆنان، بەڵام قاچاخچییەکان سواری بەلەمێکیان کردوون، کە لەڕێگەدا ژێرئاو کەوتووە.

ئیسماعیل خالید، یەکێکە لە کەسوکاری قوربانییەکان و دەڵێ "پارێزەرمان گرتووە و هەوڵدەدەین بەهەوڵی حکومەت و پۆلیسی یۆنان بیانگەڕێنینەوە، (تەرمەکان کەوتوونەتە شوێنێک) کە ناوچەی سەربازییە و چوونەنێوی قەدەخەیە. ئێمە پرسەمان دانەناوە. تاوەکو تەرمەکانیان نەبینین و بەخاکیان نەسپێرین، ئاسوودە نابین".

کامەران یوسف، باوکی شەش منداڵەکەیە، ئێستا لەنێو کەمپێکی یۆنان دەژی، منداڵێکی تەمەن چوار مانگی و یەکێکی دیکەی تەمەن 14 ساڵی بەناوی شێروان، لەگەڵ هاوژینەکەی بەناوی بەیان عجێل لە رێککەوتی 4-4-2018ـەوە خنکان و، تەرمەکانیان لەنێو ئاوی نێوان تورکیا و یۆنان ون بووە.
 
کامەران دەڵێ "ئێمە داوای یارمەتیمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوور کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکیان وەڵامیان نەداوینەتەوە".

هاریوان، باوکی منداڵێکی دیکەی خەڵکی زاخۆیەوە، کە ساڵی رابردوو بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ هاوژینەکەی لەدەستداوە و تەنیا دوو کوڕی لەدوای خۆی بەجێمابوون، یەکێک لە کوڕەکانی ئەویش لەو رووداوەدا خنکا.

پووری ئەو منداڵە ویستوویەتی لەگەڵ خۆی بیباتە دەرەوەی وڵات، بەڵام لەو رووداوەدا ئەو منداڵەش خنکاوە. هاریوان بە گریانەوە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "خۆزگە من دەبووم، نەوەک ئەو".

17 پەنابەری کورد لەنێو یەختەکەدا بوون، کە بەهۆی نقوومبوونییەوە چوار کەسیان گیانیان لەدەستدا، ئەوانەی رزگاریشیان بوو، ئێستا لەنێو کەمپێکی یۆنانن. 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار