هەڵاتوویەکی دیکەی زیندانی سەقز لە سێدارە درا
رووداو - هەولێر
شایان سەعیدپوور، یەکێکی دیکە لە زیندانییە هەڵاتووەکانی زیندانی سەقز، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە سێدارە درا. سەعیدپوور لە تەمەنی 17 ساڵیدا کەسێکی لە دەست کوژرابوو.
بەپێی بڕیاری دادگا، "شایان سەعیدپوور بە تۆمەتی ئەوەی ساڵی 2015 لە تێکهەڵچوونێکدا بە ئەنقەست کەسێک بە ناوی سلێمان ئازادی کوشتووە"، لەلایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی سنەوە حکومی سێدارەی بەسەردا سەپا.
شایان سەعیدپوور لە دایکبووی ساڵی 1997 بوو و لە کاتی تاواندا تەمەنی کەمتر لە 18 ساڵ بوو و وەک "منداڵی تاوانبار" لە قەڵەم دەدرا. لە رۆژانی رابردوودا چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئەگەری لە سێدارەدانی هۆشداریان دابوو.
رۆژی رابردووش کۆمەڵێک لە چالاکڤانان و خەڵکی سەقز لە بەردەرکی ماڵی باوکی کوژراوەکەدا کۆبوونەوە و داوایان لێیان کرد لێیخۆش بن.
ئێران یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە سزای سێدارە لەسەر تاوانبارە منداڵەکان بەڕێوە دەبات. ئێران ساڵی 1993 جاڕنامەی مافەکانی منداڵانی واژۆ کردووە. ئەم جاڕنامەیە لە سێدارەدانی منداڵە تاوانبارەکانی قەدەخەکردووە.
شایان سەعیدپوور لەگەڵ 73 بەندکراوی دیکەی زیندانی سەقز رۆژی 27ی مارسی 2020 توانیان لە زیندانی سەقز هەڵبێن، بەڵام بەشی زۆری ئەوان یان گیرانەوە یان خۆیان رادەستکردەوە.
شایان سەعیدپوور چەند رۆژ دوای هەڵاتنەکەی لە شاری بانە دەستبەسەر و دیسان بۆ زیندانی سەقز راگوێزرایەوە.
پێشتریش لە 11-04-2020 مستەفا سەلیمی، یەکێکی دیکە لە زیندانییە هەڵاتووەکانی زیندانی سەقزیش لە سێدارە درابوو.