شاندێكی پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دەچێتە بەغدا

21-05-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو - هەولێر

سبەی (سێشەممە) شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دەچێتە بەغدا.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی شاندێك دەنێرێتە بەغدا.

بەگوتەی زێباری، شاندەكەی پارتی رۆژی سێشەممە 22-5-2018 بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنەکەی عێراق دەستپێدەکات.

بەپێی زانیارییەكانی رووداو، هەریەك لە خەسرۆ گۆڕان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی ‌و شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی پێنج-ی پارتی لە بەغدا ئەندامی شاندەكە دەبن.

پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە رۆژی 12-5-2018 بەڕێوەچوو، لەسەر ئاستی کوردستان بە جیاوازییەکی زۆر یەکەم بوو، بەجۆرێک تەنیا لە لیستەکەی خۆی 25 کورسی بەدەستهێنا. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش 18 کورسی بەدەستهێناوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە