نێچیرڤان بارزانی و فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەخت لە بەردەوامیی هاوکاری دژی تیرۆر دەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر پێشوازی لە جەنەراڵ کێڤن لیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا کرد.
 
لە دیدارێکدا کە ستیڤن بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، تیشک خرایە سەر دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنی لە عێراق و سووریا و هەڕەشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردەوە، هەروەها هاوکاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکان بە پێویست زانرا.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.
 
دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگیی هاوبەشییە درێژخایەنەکان لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو.