باڵکۆنێک لە هەولێر دوو دراوسێی کردووەتە دووژمن

رووداو دیجیتاڵ
 
دروستکردنی باڵکۆنێکی سێ مەتری لە خانوویەکی قەزای عەنکاوەی هەولێر، کە دەگوترێ "زێدەڕۆ"یە، بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی ئاڵۆز و بەردەوام لەنێوان دوو دراوسێدا. ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، میلاد ویردۆ، سکاڵاکار، هەوڵدەدات ئەو باڵکۆنە لاببرێت کە دەڵێت تایبەتمەندی و ئاسوودەیی لە ماڵەکەیدا نەهێشتووە، بەڵام سەرەڕای دەرچوونی فەرمانی لابردن لەلایەن شارەوانییەوە، کێشەکە هێشتا چارەسەر نەکراوە و تۆمەتی جۆراوجۆر ئاڕاستەی یەکدی دەکەن.
 
میلاد ویردۆ، خاوەنی خانووی تەنیشت باڵکۆنە کێشەلەسەرەکە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، ئەم زێدەڕۆییە بووەتە هۆی لەدەستدانی تایبەتمەندیی ماڵەکەی، چونکە باڵکۆنەکە راستەوخۆ بەسەر ژووری نووستن و حەوشەی ماڵەکەیدا دەڕوانێت.
 
میلاد گوتی: "ئەو باڵکۆنە نرخی خانووەکەمی نزیکەی 30,000 دۆلار کەمکردووەتەوە. ناتوانین لەنێو باخچەی ماڵەکەمان دابنیشین."
 
میلاد لە 13ی تەمموزی 2025ـەوە سکاڵای تۆمارکردووە و بەپێی بەڵگەنامەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی عەنکاوە لە 6ی تشرینی یەکەمی 2025 بە نووسراوی ژمارە 17547 بڕیاری لابردنی زێدەڕۆییەکەی دەرکردووە. بەڵام ئەوەی جێگەی باسە، شارەوانیی عەنکاوە لە 28ی نیسانی 2026 لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە کە "زێدەڕۆییەکە لابردراوە" و خاوەنەکەی بڕی 500,000 دیناری پێ بژێردراوە.
 
میلاد دەڵێت: "ئەمە راست نییە، باڵکۆنەکە لانەبراوە. شارەوانیی عەنکاوە ساڵێکە بڕیارەکە جێبەجێ ناکات و تەنانەت لە سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر سکاڵای لەسەر من تۆمار کردووە کە گوایە من تۆمەتم بۆ دروستکردوون."
 
لە بەرامبەردا، بریکاری فیراس فەوزی، سکاڵالێکراو (خاوەنی خانووەکە)، تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوان پابەندی بڕیارەکانی شارەوانی بوون. ئەو بە رووداوی گوت: "ئەندازیارێکی شارەوانی خۆی دیزاینی باڵکۆنەکەی بۆ کێشاین. کاتێک زانیمان سەرپێچییە، لیژنەی شارەوانی هات و سەقفی باڵکۆنەکەیان شکاند و ئێمەش غەرامەکەمان دا. نووسراویان بۆ کردین کە کێشەکە چارەسەر بووە."
 
بریکاری خاوەن خانووەکە دەڵێت: "میلاد پێی گوتین 10,000 دۆلارم (دەفتەرێک) بدەنێ تاوەکو واز لە سکاڵاکە بهێنم." هەروەها تۆمەتباری دەکات بەوەی کە لە کاتی کڕینی خانووەکەدا 5,000 دۆلاری بە "مافی خۆی" لێ سەندووە و دواتریش کەلوپەلی نێو ماڵەکەی وەک سپلیت و تەلەفزیۆنی بردووە.
 
ئەندازیار ئاری غەریب، سەرۆکی شارەوانیی عەنکاوە، دان بەوەدا دەنێت کە پێشێلکاری کراوە، بەڵام ئاڵۆزیی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە (بەرپرسیار) روونکردەوە و گوتی: "ناتوانین شۆفڵی لێبدەین، چونکە باڵکۆنەکە بە خانووەکەوە بەستراوەتەوە و ئەگەر لایببەین، زیان بە خانووەکە دەگات."
 
سەرۆکی شارەوانیی عەنکاوە پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوان مۆڵەتیان بە دروستکردنی باڵکۆنەکە نەداوە و دەشڵێت: "سەقفی باڵکۆنەکە لابراوە و تەنیا چوارچێوەکەی ماوە. کێشەکە لە شێوازی لابردنەکەیە، بۆیە پێمان باشبوو بابەتەکە بچێتە دادگە و دادوەر بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات."
 
کێشەی نێوان ئەم دوو دراوسێیە ئێستا لە نێوان نووسراوە فەرمییە ناکۆکەکان و تۆمەتە دژیەکەکاندا ماوەتەوە. لە کاتێکدا سکاڵاکار سوورە لەسەر جێبەجێکردنی یاسا و لابردنی تەواوەتیی باڵکۆنەکە، لایەنی بەرامبەر و شارەوانی باس لەوە دەکەن کە بەشێکی کێشەکە چارەسەر کراوە و لابردنی بەشەکەی دیکەی زیانی گەورەتری لێدەکەوێتەوە. وەک سەرۆکی شارەوانیی عەنکاوە دەڵێت، بابەتە رەوانەی دادگە دەکەن "بۆ یەکلاییکردنەوە و بڕیاری کۆتایی".