ئەو پەرستارە کوردەی لە تورکیا بەهۆی 'هۆنینەوەی کەزی' لە کارەکەی دوورخرایەوە، بێتاوان دەرچوو


رووداو دیجیتاڵ

ئیکرا ئاڤجی، ئەو پەرستارە کوردەی لە تورکیا بەهۆی بەشداریکردن لە کەمپەینی 'هۆنینەوەی کەزی' لە کارەکەی دوورخرابووەوە، لەو دۆسیەیەی تێیدا دادگایی دەکرا بێتاوان دەرچوو. ئیکرا دەڵێت، سەرەڕای بڕیارەکەی دادگە، هێشتا نەخۆشخانەکەی داوای دەرکردنی دەکات.

ئیکرا ئاڤجی کە لە نەخۆشخانەیەکی شاری کۆجائەلی پەرستار بوو، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی خۆی لە کاتی هۆنینەوەی پرچیدا، رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی یاسایی و کارگێڕی بووەوە.
 
چیرۆکی ئیکرا لەوێوە دەستیپێکرد کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بڕینی کەزی ژنە شەڕڤانێک لە رەققە، ڤیدیۆیەکی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کە تێیدا پرچی دەهۆنییەوە. 
 
ئەم چالاکییە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 و سەرەتای 2026، وەک سیمبوولی هاوسۆزی لەگەڵ ژنانی رۆژئاوای کوردستان لەنێو کورد دا دەنگی دایەوە، بەڵام داودەزگاکانی تورکیا ئەم جۆرە چالاکییەیان وەک "بانگەشەی ئایدیۆلۆژی" بۆ پەکەکە و یەپەگە ناساند و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەستپێکرد، کە ڤیدیۆی کەزیان پۆست دەکرد.
 
ئاڤجی دوای بڕیاری بێتاوانبوونی رایگەیاند، هەرچەندە رەوتی دادوەری لە بەرژەوەندیی ئەو کۆتایی هاتووە، بەڵام "ئەو نەخۆشخانەیەی کاری لێدەکرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی کارگێڕیدا داوای دەرکردنی کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزەرەکەی رێکاری پێویست دەگرێتەبەر و سوپاسی ئەو کەسانەشی کرد کە لەو ماوەیەدا پاڵپشتییان کردووە.
 
پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، ئیکرا تەنیا رووبەڕووی یاسا نەبووەوە، بەڵکو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن ناسیۆنالیستە تورکەکانەوە کرایە ئامانج و نامەی هەڕەشە و سوکایەتیی پێگەیشت. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی کۆجائەلیش کارەکەی ئەو پەرستارەی وەک "پێشێلکردنی پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی فەرمانبەرانی دەوڵەت" ناوزەد کرد.
 
ئەو پەرستارە کوردە بەهۆی بێکاربوونی و ئەو گوشارانەی لەسەری بوو، ناچار بوو ماڵەکەی لە کۆجائەلی چۆڵ بکات و بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە ئامەد تاوەکو لەگەڵ خێزانەکەی بژیت.