یەکێتی: سوپای عێراق لە قەڵاچۆلان رێکناخرێتەوە
رووداو-هەولێر
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رەتیدەكاتەوە، كە هیچ پلانێك هەبێت بۆ رێكخستنەوەی فیرقەی 12ـی سوپای عێراق لە قەڵاچۆلان و دەڵێت، "لەسەرەتاوە شتێكی وەها هەبوو، بەڵام ئێستا من شتێكی وەهام نەبیستووە."
پێشتر وابڵاكرایەوە، كە فیرقەی 12 سوپای عێراق بە فەرمانی وەزیری بەرگری لە قەڵا چۆلان سەر لەنوێ دروستدەكرێتەوە و رێکدەخرێتەوە، تاوەكو بگەڕێنەوە بۆ سەنگەرەكانیان لەسنووری كەركووك.
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوپای عێراق كۆلێژێكی سەربازییان لە قەڵاچۆلان هەیە، بەڵام نەمبیستووە، كە بەنیاز بن لەوێدا فیرقەی 12 رێكبخەنەوە".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەتیكردەوە، كە هیچ پلانێك هەبێ بۆ ئەو مەبەستە و رایگەیاند، "ئەوەی من ئاگادار بم هیچ پلانێك بۆ دووبارە رێكخستنەوەی سوپای عێراق لە قەڵاچۆلان نییە و ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە."
فیرقەی 12 ی سوپای عێراق لە ساڵی 2007 دامەزراوە و سەر بە ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەیە، پێش ئەو رووداوانەی كە لە مووسڵ روویاندا لە سەربازگەی كەیوانی كەركووك نیشتەجێبوون.
بە پێی سەرچاوە سەربازییەكان، ژمارەی سەربازەكانیان 18 هەزارە ، بەڵام دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە كەركووكیان كۆنترۆڵكرد، ئەوان لە كەركووك كشانەوە و لەو سنوورە نەمان.