وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنوێنیی مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەدات بە خوێندنی ئەو فەرمانبەرانەی ئارەزووی تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەن. لە راگەیێندراوێکدا مەرجەکانی خوێندن بە مووچەوە بڵاودەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ 21-06-2021 وەزارەتی خوێندنی باڵا 13 ماددە بڵاودەکاتەوە کە تێیدا رێنوێنیی پەیڕەوی پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە ژمارە 11 ساڵی 2021 دەرچووە لە ماددەکاندا مەرج و پێداویستییەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت.
 
ماوەی چەند ساڵێکە پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیراوە، ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵاش بەو مەبەستەیە کە فەرمانبەران سەرکەوتووبن لە پێشبڕکێی خاڵبەندیی بۆ بەردەمیدان بە خوێندن.
 
بەپێی پەیڕەوە نوێیەکە وەزارەتی خوێندنی باڵا و هەرێمی کوردستان سالانە لیستی ئەو پسپۆڕییانەی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەستن بۆ خوێندنی دیپلۆمی باڵا ماستەر و دکتۆرا رادەگەیەنێت لەگەڵ لیستی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەدەرەوەی وڵات کەلەلایەن وەزارەت باوەڕپێکراون.
 
هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان ساڵانە پلانێکی ناوەندیی بۆ ژمارەی کورسییەکان خوێندن و پسپۆڕییەکان و جۆری بڕوانامەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دادەنێن کە نابێت مانگی ئایار تێپەڕێنێت، نابێت لە دەرەوەی ئەو پلانەش مۆڵەتی  خوێندن بدرێت، جگە لەو زەمالە فەرمییانەی لەلایەن وڵاتان و زانکۆ و دامەزراوەکانی وخوێندنی باڵا لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان دەبەخشرێت و وەزارەت رایاندەگەیەنێت.
 
هەروەها لە رێنوێنییەکان ئاماژە بەوە دراوە، "بۆ خوێندن لە ناوەوەی وڵات تەنها پێدانی لاری نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار پێویستە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە پێشبڕکێی وەرگرتن لەچوارچێوەی پلانی پەسەندکراو".
 
هاوکات لیژنەیەکی ناوەندی دروست دەکرێت بەناوی لیژنەی مۆڵەتی خوێندن کە بەڕێوەبەرێکی گشتی سەرپەرشتی دەکات.
 
لەبارەی مەرجەکانیشەوە لە پەیڕەوەکەدا هاتووە وەزیر یان لایەنی پەیوەندیدار مۆڵەتی پەیوەندیدار مۆڵەتی خوێندن لەناوەوە یان دەرەوەی وڵات دەدات بە فەرمانبەر بە مووچە و دەرماڵە جێگرەکان بەپێی یاسا و رێنوێنییە کارپێکراوەکان بەم مەرجانەی خوارەوە:
 
1- دەبێت پلەی وەزیفی فەرمانبەر لە پلە یەک و خوارتر بێت بەپێی خشتەی کارپێکراوی پلەی وەزیفی و مووچە کە لەپاشکۆی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 ئاماژەی پێکراوە.
 
2- وەزیر و ئەوانەی لەم پلەیەدان، ئەندام پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی خاوەن پلەی باڵا/‌‌ئەلف و پلەی باڵا/بێ تا لەو پلەیەدان ناتوانن داوای مۆڵەتی خوێندن بکەن، بە پێچەوانەوە بڕوانامەکانیان بۆ یەکسان ناکرێت و هیچ ماف و ئیمتیازاتێکیان پێنادرێت حوکمەکانی ئەم بڕگەیە حەڵەتەکانی پێش بەرکاربوونی ئەم پەیڕەوە ناگرێتەوە.
 
3- فەرمانبەر دەبێت بڕوانامەی لە زانکۆ یان دامەزراوەیەک وەرگرتبێت کە لەلایەن وزارەتی خوێندنی باڵا باوەڕپێکراو بێت و راستاندن یان یەکسانکردن بۆ بڕوانامەکەیان کرابێت و دەبێت بڕوانامە و پسپۆڕیی خوێندنی فەرمانبەر پەیوەندیی بە پسپۆڕیی بڕوانامەی خوێندن و کاری فەرمانبەرییەوە هەبێت، فەرمانگەکەشی پێویستی بەم بڕوانامە و پسپۆڕییە هەبێت.
 
4- فەرمانبەر دەبێت لە رۆژی داواکردنی مۆڵەتی خوێندن دوو ساڵ خزمەتی کردەیی لە راژە تەواوکردبێت پاش وەرگرتنی دوایین بڕوانامەی پەسندکراوی.
 
5- فەرمانبەر دەبێت نووسراوی وەرگرتنی لە یەکێک لە زانکۆ و دامەزراوە باوەڕپێکراوەکان لەلایەن وەزارەت بەدەستهێنابێت.
 
6- فەرمانبەر ناتوانێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس داوای مۆلەتی خوێندن لە دەرەوەی عێراق بکات.
 
هەروەها ماددەی شەشەمی پەیڕەوەکە ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەت وەردەگرن پابەندی ئەم خاڵانە کردووە:
 
1- پابەندبوون بە بەڵێننامە و گرێبەستی تایبەت بە مۆڵەتی خوێندن.
 
2- مەرج نییە پابەندیی خزمەتکردن لەدوای بەدەستهێناننی بروانامە لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەمان ئەو فەرمانگەیە بێت کە لەسەرەتا مۆڵەتی خوێندنەکەی لێوەرگرتووە، بەڵکو بەپێی پێویستی سوود لە راژەکەی وەردەگیرێت لە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
 
3- پێشکێشکردنی دەستەبەرێکی دارایی کە بڕەکەی لانی کەم بارتەقای تێچووی خوێندن و ئەو دەرماڵە و خەرجییانە بێت کە لەماوەی مۆڵەتی خوێندنەکە وەریدەگرێت.
 
4- لەئەستۆگرتنی هەموو ئەو تێچووە داراییەی لەماوەی خوێندنەکەیدا بۆی خەرج کراوە، بە مووچوی لەحاڵەتی سەرنەکەوتن، جگە لە حاڵەتەکانی سەرنەکەوتن بەهۆی نەخۆشییەوە  کەرێگربێت لەبەردەوامبوون لەخوێندن بەپێی راپۆرتی پزیشکی پەسەندکراو لەلایەن لیژنەی پزیشکیی فەرمی پسپۆڕەوە و یان بەهۆی ئەو حاڵەتە کتوپڕانەی کە دەبنە رێگر لەبەردەم بەردەوامبوونی خوێندن.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژەی وەزارەتی وێنەنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی" لەهەرێمی کوردستان 5 هەزار و375 کەس لە خوێندنی باڵا بۆ دبلۆم و ماستەر و دکتۆرا دەخوێنن، لەو ژمارەیە 417یان فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستانن، 2 هەزار و615یان ئەوانەن کە لەزانکۆکانن وەکو موعیدەکان، هەروەها 2 هەزار و343 کەسیشیان بە پاڕاڵیڵ دەخوێنن".