ژنێک دوو منداڵی شیرەخۆرەی ئەشکەنجە دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دایکێک و دوو منداڵی شیرەخۆرەی ئەشکەنجە دەدات، پەیامنێری رووداو بەدواداچوونی کرد کە خێزانەکە خەڵکی موسڵن و ماوەیەکە لە هەولێر دەژین و لە گوندی تورەق نیشتەجێن.
 
دایکی منداڵەکان لە دایکبووی 1974ـە، هاوژینی پێشووی نزیکی شەش ساڵ پێش ئێستا بە نەخۆشی کۆچی دواییکردووە، شەش منداڵیان هەبووە، سێ کچ و دوو کوڕ کە گەورەکەیان 12 ساڵە و بچووکەکەشیان چوار ساڵانە. 
 
ساڵی 2017 دایکی منداڵەکان ژیانی هاوژینی لەگەڵ پیاوێکی عەرەب پێکدەهێنێت کە پیاوەکە دوو هاوژینی دیکەشی هەبووە، دایکەکە لە هاوژینە نوێیەکەی دوو منداڵی دیکەیان دەبێت، ئەو منداڵانەن کە لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەشکەنجە دەدرێن. 

 

موقەدەم سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و گوتی: دایکێک بەشێوەیەکی خراپ تووندوتیژی بەرامبەر منداڵەکانی دەکات، دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن هەواڵنێرێكمانەوە لە هەبوونی رووداوێکی ئەشکەنجەدانی منداڵان لەلایەن دایکیان لە گوندی تورەق، بەدواداچوونمان بۆ گرتە ڤیدیۆییەکە کرد، توانیمان بۆ ماوەی کەمتر لە دوو کاژێر ئەو دایکە دەستگیربکەین کە منداڵەکانی بە شێوەیەکی نادروست ئەشکەنجە دابوون، لەکاتی وەرگرتنی وتەکانی دایکەکە دانی بەوە داناوە کە خۆی ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە، ئامانجیشی لە گرتە ڤیدیۆیەکە بۆ ئازاردانی باوکی منداڵەکان بووە، چونکە هاوژینەکەی لە هەولێر نییە و منداڵەکانیشی جێهێشتووە. 
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان گوتیشی، دایکی منداڵەکان رووبەرووی یاسا کراوەتەوە، جێهێشتنی پیاوەکەی ئەوەی کە سێیەم هاوژینی باوکی منداڵەکانە و ناتوانێت منداڵ و هاوژینەکەشی بەخێو بکات، دوو منداڵی خێزانەکە بچووکن و کاری ئاوفرۆشیان کردووە، ئێستا بە بڕیاری دادوەر منداڵەکان لە خانەی بێسەرپەرشتانن. دایکی منداڵەکانیش بە پێی ماددەی 7ـی یاسایی ژمارە 8ـی ساڵی 2011ـوە راگیراوە، سزای ئەو کەسانە لە شەش مانگ تاوەکو سێ ساڵ دەبێت. 
 
شێروان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری خانەی نەوجەوانانی کوران باس لەوە دەکات کە بەبڕیاری دادوەر چوار منداڵی خێزانەکە براونەتە خانەی بێسەرپەرشتان، بەڵام تەنیا کوڕێکی خێزانەکە لای ئەوانە و تەمەنی پێنج ساڵانە، "هیچ ئاسەوارێکی ئەشکەنجەدان بە جەستەی کوڕەکەوە نییە، توێژەری کۆمەڵایەتی خانەکەمان سەردانی منداڵەکانیان کردووە، بەڵام هیچ کەسێکی نزیکی منداڵەکان بەدواداچوونیان نەکردووە."