ساڵانە شەش ملیۆن و 720 هەزار پەرتووكی زیاد چاپ كراوە

رووداو- هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نووسراوی ژمارە 1141 لە رۆژی 3/12/2014 دا 36 گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە بۆ دیوانی چاودێریی دارایی دەنێرێ تاوەكو لەڕووی دارایی و یاسایی بخرێنە بەر هەڵسەنگاندن. دیوانی چاودێریی داراییش بە فەرمانی ژمارە 1/1/55 لە رۆژی 22/1/2015 دەست بە وردبینی لە گرێبەستەكاندا دەكات و لە كۆی ئەو 36 گرێبەستەی كە ئەنجوومەنی وەزیران بۆی ناردوون، دیوانی چاودێریی دارایی وەك نموونە وردبینیی ژمێریاری و یاسایی بۆ چەند گرێبەستێك كردووە.

هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ پەرتووكەكان

یەكێك لەو گرێبەستانە كە لە راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی داراییدا بە گرێبەستی ژمارە (21) ناوی هاتووە، تایبەتە بە دابینكردنی پەرتووك بۆ قوتابخانەكان. دیوانی چاودێریی دارایی چەندین تێبینی لەسەر ئەو گرێبەستە هەیە لەوانەش:
1- بەپێی كۆنووسی لێژنەی كردنەوەی تەندەرەكان، كۆمەڵەی (19) بۆ كۆمپانیای (مەتیك) دەرچووە بەبڕی 28 ملیۆن و 217 هەزار و 150 دینار، بەڵام دواتر گرێبەستەكە دراوەتە كۆمپانیای (دارا پرێنتیگ) بەبڕی 32 ملیۆن و 290 هەزار دینار كە لە ریزبەندی سێیەمدا دێت، بەبێ ئەوەی هۆكاری ئەو سەرپێچییە دیاری بكرێ‌.

2- بەپێی خاڵێكی گرێبەستەكە دەبووایە 20 دانە كتێب بۆ بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرامەكان و 10 دانە كتێب بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەجهیزات دابین بكرێ‌ بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ كتێبەكان بكرێ‌، بەڵام ئەو كارە درەنگ كراوە و كتێبەكان دوای چاپكردن هەڵسەنگاندنی زانستییان بۆ كراوە. كتێبەكان لە 20/8/2014 گەیشتوون و هەڵسەنگاندنی زانستییان لە 31/8/2014 بۆ كراوە. ئەمەش پێچەوانەی گرێبەستەكەیە.

3- بەپێی گرێبەستەكە دەبێت لێژنەی زانستی بڕیار لەسەر ئەوە بدات كە كتێبەكان هیچ هەڵەیەكی زانستییان تێدا نییە، بەڵام تێبینی كرا كارەكە تەنیا لەلایەن یەك سەرپەرشتیاری وانەوە كراوە، زۆربەی ئەو سەرپەرشتیارانەش هەڵگری بڕوانامەی باڵا نین، لە كاتێكدا وەزارەت 850 كارمەندی هەیە كە بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هەیە.

  ساڵی رابردوو 11 ملیۆن پەرتووكی بەكارنەهاتوو لە كۆگاكاندا هەبووە

دیوانی چاودێریی دارایی نموونەی بە پەرتووكی (الاجتماعیات للدراسە العربیە للمراحل 4+5+6 )ی بنەڕەتی هێناوەتەوە كە لەلایەن دوو سەرپەرشتیارەوە هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە، یەكێكیان پسپۆڕی كۆمەڵناسە و ئەوی دیكەیان پسپۆڕی جوگرافیایە، لەكاتێكدا پێویست بوو لەلایەن سێ پسپۆڕی سەرپەرشتیاری وانەكانی (مێژوو + جوگرافیا + پەروەردەی نیشتمانی) بۆ هەر قۆناغێك كرابایە، واتە لەلایەن نۆ سەرپەرشتیار.

یەكێكی دیكە لەو گرێبەستانەی دیوانی چاودێریی دارایی هەڵسەنگاندنی بۆ كردووە، گرێبەستی كۆمپانیای ماكمیلانە بۆ دابینكردنی پەرتووك و بابەتی زمانی ئینگلیزی بۆ ساڵی خوێندنی 2012 – 2013، دیوانی ناوبراو چەند تێبینییەكی لەسەر گرێبەستەكە هەبووە:

1- گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ كۆمپانیای (ماكمیلان) لەسەر بنەمای یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەت و كۆمپانیا بووە و هیچ بەرایی و یاداشتنامەیەكی لێكگەیشتن نەبووە لە وەزارەت یاخود گرێبەستە گشتییەكان.

2- هیچ كۆنووسێك یاخود لێژنەیەكی باڵا نەبووە بۆ چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر گۆڕینی پڕۆگرامی زمانی ئینگلیزی.

3-بەپێی گرێبەستەكە مافی یاسایی و خاوەندارێتی و لە چاپدان و خاوەندارێتی فكری كارەكە و كاری داهاتوو تەنیا لای لایەنی دووەم (كۆمپانیای ماكمیلان) دەمێنێتەوە. ئەمەش لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا نییە و وەزارەت دەخاتە ژێر دەستی كۆمپانیاوە، دەبووایە رەچاوی ئەوە كرابا كە پاش تەواوبوونی كاری كۆمپانیا، گشت مافەكان بگەڕێتەوە بۆ وەزارەت.

زیادكردنی پارەی گرێبەست

گرێبەستی كۆمپانیای (mup) بۆ چاپكردنی كتێب بۆ ساڵی 2014 – 2015 یەكێكی دیكەیە لەو گرێبەستانەی دیوانی چاودێری دارایی هەڵسەنگاندنی بۆ كردووە و چەندین تێبینی لەسەر ئەو گرێبەستە هەیە، لەوانەش: 

- كۆمپانیا لە خشتەی كردنەوەی تەندەر داوای 406 ملیۆن و 260 هەزار دیناری كردووە، بەڵام گرێبەستەكە بە 608 ملیۆن و 734 هەزار و 766 دینار كراوە. سەبارەت بە هۆكاری ئەو جیاوازییە كە زیاتر لە 202 ملیۆن دینارە، بەڕێوەبەری تەجهیزات لە رۆژی 8/6/2014 روونكردنەوەیەكی بۆ وەزیر ناردووە و گوتوویەتی رێژەی چاپی پەرتووكەكان لە 50% بۆ 100% زیادكراوە، جەنابی وەزیریش رێژەی 100%ی لەسەر یاداشتەكە پەسەند كردووە.

لە راپۆرتەكەدا دەڵێت "لێژنەی شیكردنەوەی تەندەر دەستكاری خشتەی پێشكەشكراوی كردووە، ئەویش بە زیادكردنی تیراژ و كەمكردنەوەی نرخی تاك، بەبێ‌ ئەوەی ئەم زیادكردنە بدرێتە هەموو كۆمپانیاكانی بەشداربوو، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستەكانە، ئەم كارە نایاساییە و رەنگە ئامانجی دیكەی لە پشتەوە بێت".

- لە كاتی بەستنی گرێبەست بە گوژمەی زیادكراو بە ژمارە 11449 لە رۆژی 6/7/2014 تێبینی كرا نووسرابوو: أ- ماوەی گرێبەستەكە دەست پێدەكات لە رۆژی ( ) لە /  /2014، واتە ماوەی گرێبەستەكە دیاری نەكراوە. ب- لەكاتی واژۆكردنی گرێبەستەكە لەنێوان كۆمپانیا و لایەنی یەكەم دووبارە رێكەوتی واژۆكردنەكە دیاری نەكراوە.

هەڵسەنگاندنی تەندرێك

دیوانی چاودێریی دارایی هەڵسەنگاندنی بۆ یەكێك لە تەندەرەكانی چاپكردنی كتێب كردووە كە لە راپۆرتەكەدا بە تەندەری ژمارە (1) ناوی هاتووە و چەندین تێبینی لەسەر هەبووە، لەوانەش:

- نەبوونی واژۆی سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی شیكردنەوە لەسەر گشت خشتەكانی رێزبەندی چاپخانەكان  كە كۆمەڵەیان پێدراوە بۆ پۆلەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم).

- ئاماژە بە كۆنووسی لێژنەی شیكردنەوەی تەندەری ژمارە یەك لە 6/4/2014، هەروەها ئاماژە بە (روونكردنەوەی بەشی گرێبەستە گشتییەكان) لـە رۆژی 21/4/2014 پێشكەشی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان كراوە تێبینی ئەو خاڵانە كرا:
 113 هەڵەی چاپ و زمانەوانی تەنیا لە یەك پەرتووكدا هەبووە

1- كۆمپانیای مەتیك كە لە تەندەری ژمارە یەكدا 18 كۆمەڵەی بۆ دەرچووە بۆ چاپكردنی پەرتووك بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015)، ژمارەی كۆمەڵەكانیش بریتی بوون لە (11-12-13-14-15-16-17-18-19-20-21)، بەڵام دواتر نۆ كۆمەڵەی بەسەر كۆمپانیاكانی دیكەدا دابەشكراون، لە كاتێكدا كۆمپانیای مەتیك لە ریزبەندی كۆمەڵەكاندا یەكەمە، هەروەها جیاوازیی نرخ لە هەندێك لە كۆمەڵەكاندا هەیە.

- كۆمەڵەی (سێ‌) كە بۆ كۆمپانیای مەتیك دەرچوو بوو، دراوەتە كۆمپانیای (mup) كە لە ریزبەندی  دووەم و سێیەمدا نەبووە، جیاوازیی نرخەكەشی 60 ملیۆن دینار بووە.

- كۆمەڵەی (دوو) و (شەش) كە بۆ كۆمپانیای مەتیك دەرچوو بوو، دراوەتە كۆمپانیای (mup) و جیاوازیی نرخەكەشی 40 ملیۆن دینار بووە.

- كۆمەڵەی (نۆ) كە بۆ كۆمپانیای مەتیك دەرچووبوو، دراوەتە كۆمپانیای (mup)، جیاوازیی نرخەكەی 32 ملیۆن دۆلار بووە.

- پێدانی كۆمەڵەی (10) كە بۆ كۆمپانیای مەتیك دەرچوو بوو، بە كۆمپانیای دارا پرێنتیگ كە لە ریزبەندی دووەمە و جیاوازیی نرخەكەی 39 ملیۆن دینارە.

- پێدانی كۆمەڵەكانی (15-18-19-20-21) كە بۆ كۆمپانیای مەتیك دەرچوو بوو بە كۆمپانیاكانی (mup، دارا پرێنتیگ و دار لبنان) كە لە ریزبەندییەكەدا دووەم و سێیەمن.

بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی "دابەشكردنی ئەو كۆمەڵانە كە بۆ كۆمپانیای مەتیك دەرچووە، بەپێی خشتەی كۆنووسی لێژنەی شیكردنەوە، نایاساییە و دەچێتە قاڵبی دانوستاندن". 

هەر بەپێی راپۆرتەكە لێژنەی شیكردنەوەی تەندەر بەڵێننامەی لە كۆمپانیاكانی (دارا پرێنتیگ و دار لوبنان) وەرگرتووە، لە كاتێكدا ئەمە كاری لێژنەی شیكردنەوە نییە بەڵێننامە وەربگرێت و دانوستاندن لە نرخدا بكات، ئەمە سەرپێچیی رێنماییە".

بۆ هەر وانەیەك 80 هەزار كتێب زیاد چاپ كراوە
 پەرتووكەكانی خوێندن دوای چاپكردن ئینجا هەڵسەنگاندنی زانستییان بۆ كراوە

بەپێی ئەو شیكردنەوەیەی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ گرێبەستەكانی ژمارە (15- 22-24 )ی كردووە، دەركەوتووە هیچ بنەمایەكی زانستی و واقیعی و فیعلی نەبووە، بۆ دیاریكردنی ژمارەی پەرتووكی چاپكراو.

دیوانی چاودێریی دارایی چاپكردنی پەرتووكەكانی خوێندنی قۆناغی یەكەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی بە نموونە هێناوەتەوە كە قوتابی لە قۆناغی یەكەم تاوەكو سێیەم دەردەچوێندرێ‌، بەڵام جیاوازییەكی زۆر لە ژمارەی چاپی كتێبەكان بەپێی ساڵەكان هەیە.

بۆ نموونە لە ساڵی 2007دا  200970 دانە پەرتووكی بیركاری بۆ یەكەمی بنەڕەتی چاپ كراوە، ساڵی 2008 بۆ قۆناغی دووی بنەڕەتی 191 هەزار پەرتووكی بیركاری چاپ كراوە، ساڵی 2009ش بۆ قۆناغی سێی بنەڕەتی 183500 دانە چاپكراوە. بۆ قۆناغی چواری بنەڕەتیش 191 هەزار چاپ كراوە.

بەڵام ژمارەكە بۆ پەرتووكی ئینگلیزی لە هەمان ئەو چوار قۆناغەدا جیاوازە. لەساڵی 2007دا 195 هەزار چاپ كراوە، لەساڵی 2008دا 167 هەزار چاپ كراوە، لەساڵی 2009دا 168 هەزار چاپ كراوە، لە ساڵی 2010دا 189 هەزار چاپ كراوە.

چاپكردنی پەرتووكی زانستەكانیش بۆ ئەو چوار قۆناغە بە نموونە وەرگیراوە، دەركەوتووە لەوێش جیاوازیی هەیە. لە ساڵی 2007دا 199120 دانە لەو پەرتووكە چاپكراوە. لە ساڵی 2008دا 191000 دانەی لێ‌ چاپ كراوە، لە ساڵی 2009دا 182250 دانەی لێ‌ چاپ كراوە، لە ساڵی 2010دا 193500 دانەی لێ‌ چاپ كراوە. 

دیوانی چاودێریی دارایی ساڵی 2007 بۆ قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی وەكو ساڵی (بنەڕەتی) بە مەبەستی بەراوردكردنی پەرتووكە چاپكراوەكان وەرگرتووە و تێبینیی كراوە:

- جیاوازییەكی زۆر لە چاپی كتێبەكان بەپێی بابەتەكان بۆ هەمان قۆناغ هەیە، بۆ نموونە لە ساڵی 2007 بۆ پۆلی یەكی بنەڕەتی 195 هەزار پەرتووكی ئینگلیزی چاپكراوە، زانستەكان 199120 هەزار و بیركاری 200970 هەزار دانەی لێ‌ چاپ كراوە. 

- لە ساڵەكانی (2008 و 2009 و 2010) هەمان تێبینی لە چاپدانی ژمارەی پەرتووك بۆ هەر وانەیەك هەیە، بەڵام نازانین چاپكردنەكە بەپێی چ پێوەرێك بووە، لە قوتابی قۆناغەكانی (1+ 2+ 3 )ی بنەڕەتی دەبێت دەربچن، واتە لە قۆناغیك بۆ قۆناغی داهاتوو بگوازرێنەوە.
  تەندەر لە كۆمپانیایەك وەرگیراوەتەوە و بە گرانتر دراوەتە كۆمپانیای دیكە

- رێژەی زیادبوونی سروشتیی دانیشتووانی وڵاتان لە جیهاندا لە نێوان ( 2,5 – 3,5 %) یە، ئەگەر دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007دا سێ ملیۆن و 500 هەزار كەس بووبێ‌، ئەوا رێژەی زیادبوونی ئاسایی بەو جۆرە دەبێت (3500000*3.5%= 122500) واتە لە ساڵی 2007 بۆ قۆناغی یەكی بنەڕەتی پێویستمان بە چاپكردنی 122500 پەرتووك هەبووە بە هەموو جۆرەكانی خوێندن (كوردی، عەرەبی، سریانی و توركمانی) بەڵام تەنیا بۆ خوێندنی كوردی ئەو بڕە پەرتووكە چاپكراوە.

راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی دەڵێت "بە رەچاوكردنی بەرزترین رێژەی زیادبوونی دانیشتووان و تەقدیركردنی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە 3.5 ملیۆن كەس، كە بە زیادەوە تەقدیرمان كردووە، دەردەكەوێت لانیكەم 80 هەزار پەرتووك بۆ هەر وانەیەك بە زیادەوە چاپكراوە.

 (80000*7= 560000) پەرتووك بۆ هەر قۆناغێك بە زیادەوە چاپكراوە.

 560000 * 12= 6720000 پەرتووك بۆ گشت قۆناغەكان چاپكراوە، جگە لەچاپدانی پەرتووك بۆ زمانی (عەرەبی، سریانی ‌و توركمانی).

چاپكردنی پەرتووك بە رێژەی 100%

وەك لە راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی داراییدا هاتووە، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە 100%ی پەرتووكەكان چاپ بكات و گەڕاندنەوەی پەرتووك لەلایەن قوتابیانەوە فەرامۆش بكات، ئەویش بە بیانووی ئەوەی كە پەرتووكی كۆن نەخۆشیی بۆ قوتابیان دەگوازێتەوە "بەڵام هیچ نووسراوێكی فەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی یان فەرمانگەی تەندروستی لە عێراق و هەرێمی كوردستان نییە ئەوە بسەلمێنێ. بەڕای لێژنەكەمان ئامانج تەنیا زیادكردنی ژمارەی چاپكردنی پەرتووكە".

كۆگاكان پڕن لە كتێبی بەكارنەهاتوو

ئێستاشی لەگەڵ بێت لە هەندێك قوتابخانە پەرتووك كەمە و هەندێكجار بە دوو یان سێ‌ قوتابی پەرتووكێك وەردەگرن، بەڵام بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی، كۆگاكانی وەزارەتی پەروەردە پڕن لە پەرتووكی بەكارنەهاتوو.

دیوانی چاودێریی دارایی دوو كۆگای لە شاری هەولێر بە نموونە وەرگرتووە و دەڵێت "بۆمان دەركەوت لە 1/3/2015 كە تەنیا دوو مانگی ماوە بۆ كۆتایی ساڵی خوێندن، 723676 پەرتووكی بەكارنەهاتوو لەو دوو كۆگایەدا هەبوو". كەواتە ئەگەر ژمارەی پەرتووكەكانی ئەو دوو كۆگایە وەكو تێكڕای ناوەند بۆ هەردوو 32 كۆگاكەی وەزارەت وەربگرین، ئەوا زیاتر لە 11 ملیۆن و 578 هەزار پەرتووكی نوێ لە كۆگاكاندا هەبووە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە "ئەگەر بەرێژەی 10%ی ژمارەی قوتابیان پەرتووك لە كۆگای قوتابخانەكاندا هەبێت، واتە ژمارەیەكی یەكجار زۆر پەرتووكمان لەبەردەستە، پێویست ناكات بە هیچ شێوەیەك و بۆ هیچ ساڵێكی خوێندن رێژەی (100%)ی پەرتووك چاپ بكرێت".

هەر بەپێی ئەو راپۆرتە، وەزارەتی پەروەردە رەچاوی بەرژوەندی گشتی نەكردووە "چونكە پەرتووكی نوێی خوێندنی لە نێوبردووە یان پوچەڵی كردووەتەوە بەبێ‌ ئەوەی پەرتووكەكە بەكارهێنرابێ‌".

113 هەڵە لە یەك پەرتووكدا

بەشێكی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی تایبەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرپەرشتیاری پەروەردە. لەوێش چەند تێبنییەكیان هەبووە سەبارەت بە پاداشتكردنی ئەو سەرپەرشتیارانەی هەڵسەنگاندنیان بۆ پرۆگرامەكانی خوێندن كردووە. تێبینییەكانیش بریتی بوون لە:

- كارێكی زۆر باش لەلایەن مامۆستا (حەنان ساڵح رەئووف) لە پەروەردەی دهۆك كراوە، ئەویش بە دۆزینەوەی 113 هەڵەی چاپ و زمانەوانی لە پـەرتووكی (ئینگلیزی) قۆناغی دەیەم لە ئامادەیی بازرگانی كە جێگای دەستخۆشی و مایەی رێز و سوپاسە لەلایەن بەڕێز وەزیری پەروەردەوە. جگە لەوەش نەمانزانی چەند ساڵە ئەم پەرتووكە بووەتە پرۆگرامی خوێندن، چۆن دەخوێنرێت، كاتی خۆی چ لێژنەیەكی زانستی پێیدا چووەتەوە.

-  بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە رۆژی 16/12/2014 نووسراوێكی بە ژمارە (925) ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیاری پەروەردە كردووە. تایبەتە بە كاری لێژنەیەك كە پێداچوونەوەیان بۆ پەرتووكی بیركاری-دا كردووە و هەڵەیەكی ئێجگار زۆریان تێدا دۆزیوەتەوە. باشە چۆن و كێ هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ ئەم پەرتووكە كردووە، قوتابیان تا كەی پەرتووكی پڕ لە هەڵەی زانستی بخوێنن.

بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی "سەرەڕای ئەم هەموو هەڵەیە، بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هیچ كارێكی نەكردووە، بەڵكو تەنیا نووسراوێكی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرام و چاپەمەنییەكان كردووە كە لە بنەڕەتدا ئیفلیجە و ئاستی زانستی سەرپەرشتیارەكان لاوازە و هیچیان بڕوانامەی باڵایان نییە".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە ساڵی 2015دا 3180 سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لەو بەڕێوەبەرایەتییە هەبوون، بەڵام تەنیا 12یان بڕوانامەی ماستەریان هەیە ئەویش لە زمانی (عەرەبی، كوردی و ئینگلیزی) هەروەها 548 سەرپەرشتیار بڕوانامەی پەیمانگای مامۆستایانیان هەیە، 14 لەوانە بڕوانامەی ئامادەییان هەیە، 758 سەرپەرشتیار بڕوانامەی پەیمانگا و 1848 سەرپەرشتیاریش بڕوانامەی بكالۆریۆسیان هەیە. ئەمە لە كاتێكدا لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەدا 422 پسپۆڕی وانەكانی (زیندەوەرزانی، جوگرافیا، بایۆلۆژی، كیمیا، فیزیا، بیركاری، خوێندنی ئیسلامی، مێژوو، ئابووری و كشتوكاڵ) هەیە، بەڵام سوودیان لێ وەرنەگیراوە.
 17 ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە و چاپخانەش نۆژەن نەكراوەتەوە

چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە

چاپخانەی وەزارەتی پەروەدە لە دوای بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 بە مەبەستی چاپكردنی پەرتووكی خوێندن بە زمانی كوردی بڕیاری دامەزراندنی دراوە و لە ساڵی 1978 تەواو بووە.  

بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی "زۆربەی ئامێرەكانی ئەو چاپخانەیە كۆن بوون و توانای كاركردنی جارانیان نەماوە، بۆیە وەزارەتی دارایی لە ساڵی 2007 تاوەكو 2013 بڕی 17 ملیار و 888 ملیۆن دیناری بۆ گۆڕینی ئامێرەكانی چاپكردن و پەرەپێدانی كاروباری چاپكردنی چاپخانەكە تەرخان كردووە،  بەڵام تێبینی كرا  كە هیچ گوژمەیەك لەو پارەیە بۆ چاپخانەكە خەرج نەكراوە، لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی لەو ماوەیەدا 144 ملیار و 362 ملیۆن دیناری لە چاپكردنی كتێب خەرج كردووە".