مامی دالیا موسلیم: ئێمە هەرێمی کوردستان تۆمەتبار ناکەین

 
 
رووداو دیجیتاڵ

مامی دالیا مەحموود موسلیم رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان هیچ دەستی لە گرتنی کچەکەیاندا نییە و تۆمەتباری ناکەن، بەڵام داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کە ئەگەر بتوانن لە گرتنی دالیا بکۆڵنەوە.
 
دالیای برازای ساڵح موسلیم کە دوای ئەوەی بە قاچاخ لە هەرێمی کوردستانەوە چووە تورکیا، لە شاری مێرسین دەکەوێتە دەستی ئاسایش. موسلیم موسلیمی مامی دالیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، برازاکەی هەرگیز گەریلای پەکەکە نەبووە و شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بووە و پێشتر شەش مانگ هاتووەتە هەرێمی کوردستان.
 
مامی دالیا ئاشکرای کرد، برازاکەی تاوەکو لە هەرێمی کوردستان بووە پەیوەندییان لەگەڵیدا هەبووە، بەڵام دواتر هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵیدا نەماوە.
 
بە گوتەی موسلیم موسلیم ئەوان وەک خێزانی دالیا تەنیا راگەیێندراوێکیان لەبارەی کچەکەیانەوە بڵاوکردووەتەوە و "هەرگیز حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لە گرتنی کچەکەیان تاوانبار نەکردووە و پەیوەندییان بەو گوتانەوە نییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک دەزگای میدیاییدا بڵاوکراونەتەوە". 
 
موسیلم دەڵێت "ئەوان وەک بنەماڵەی دالیا تەنیا یەک داواکاریان هەیە، ئەویش لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتیی گرتنی کچەکەیان بکرێت. ئەگینا بەهیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگرتنی کچەکەیان تۆمەتبارناکەن". 

هەروەها باڤێ کالێ، برای ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پیشووی پەیەدە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵح موسلیم هیچ لێدوانێکی لەبارەی دەستگیرکردنی دالیا مەحموود نەداوە، هەموو ئەو شتانەی بە ناوی ساڵح موسلیم بڵاودەبنەوە دوورن لەراستییەوە.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک دەزگای میدیاییدا وابڵاوکرابووەوە کە دالیا مەحموود موسلیم لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی تورکیا کراوە.
 
رۆژی دووشەممە 2020/07/20 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە "هەرێمی کوردستان برازایەکی ساڵح موسلیمی لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی تورکیا کردبێتەوە" بڵاوکردەوە و گوتی، "راگەیاندنەکانی پەکەکە و هاوبۆچوونەکانیان لەجیاتی تۆمەتبەخشینەوە هەقە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بۆچی خەڵک واز لە ریزەکانی ئەوان دەهێنێت و ئامادەن بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانیان لە رێگەی قاچاخەوە ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە".
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوە دا، "دالیا مەحموود موسلیم ناسراو بە "ڤیان شەڕڤان" دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لەگەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بە ناوی "سەلام رەمەزان محەممەد" ناسراو بە "تولهەلدان" کە لە ریزەکانی یەپەگە بووە، پەیوەندیی خۆشەویستی دروستدەکەن و هەردووکیان پێکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و رادەکەن".  
 
وەک لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، رۆژی 2020/07/09 سەلام رەمەزان محەممەد، "بە ئارەزووی خۆی" گەڕاوەتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحموود موسلیم بۆ پەیوەندیکردن بە سەلامەوە رۆژی 2020/07/14 "بە قاچاخ" دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی رادەستی پۆلیسی تورکیا کردووە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دڵنیایی زیاتری دا و گوتی"هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بەم بابەتەوە نییە".