پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق دەگاتە شاری هەولێر و لێرە دەمێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق لە تورکیاوە دێتە هەولێر و بڕیارە تاوەکو ماوەیەکی نادیار لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و بەهۆی ئەو بڕیار و رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر و وەکو ناڕەزایەتییەک نەچێتەوە بارەگای سەرەکیی پاتریارکی لە بەغدا. 
 
بەرپرسی راگەیاندنی کەنیسەی کلدانی لە هەولێر رایگەیاند، "جەنابی پاتریارک کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئوسقەفەکانی کلدان لە عێراق و جیهانی هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو 20ـی مانگی داهاتوو لە بەغدا بکرێت".
 
رۆژی هەینی 21-7-2023، ستیفان شانی، بەرپرسی راگەیاندنی کەنیسەی کلدانە کاسۆلیکەکانی پارێزگای هەولێر لەبارەی گەڕانەوەی پاتریاریک لویس ساکۆ بەرووداوی گوت، "بڕیارە کاژێر 8:30ـی ئەمشەو و دوای سەردانێکی چەند رۆژە بۆ تورکیا، کاردیناڵ لویس ساکۆ بگاتەوە شاری هەولێر و بەهۆی ئەو بڕیارە ستەمکارانەیەی دژی دراوە، نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و تاوەکو ماوەیەکی نادیار لە شاری هەولێر بمێنێتەوە."
 
ستیفان شانی گوتی، "بەڕێزیان کۆبوونەوەی ئوسقوفەکانی کلدانیی جیهان و عێراق ناسراو بە (سينهادۆس)ی لە بەغدا هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو رۆژی 20ـی مانگ داهاتوو بکرێت، ئەوەش وەکو نیگەرانییەک لەو بڕیارانەی دژی دراون."
 
سەبارەت بە مانەوەی لە شاری هەولێر، بەرپرسی راگەیاندنی کەنیسەی کلدانە کاسۆلیکەکانی پارێزگای هەولێر گوتی، "لە نووسینگەی پاتریارکی لە هەولێر دەمێنێتەوە و کارەکانی رایی دەکات." 
 
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
 
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتییەکی ئایینی دیاریکراو. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
 
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "کشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیێنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرانسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیهانی پێدراوە،" گوتیشی، "هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت، ئەو کەسایەتییە ئایینیەش فەرمانبەری دەوڵەت نییە بۆ ئەوەی مەرسوومێکی دامەزراندنی بۆ دەربکرێت"، جەختیشی کردەوە، "هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماری ژمارە 147 تەنیا بۆ راستکردنەوەی دۆخێکی دەستووری بووە."
 
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا لەدوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، کۆچیان کرد.