باوک و کوڕێک لە رێگەی شارەزوور - سەیدسادق بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی شارەزوور - سەیدسادق دوو کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسیش بریندار بوون.
رائید موختار حوسێن، بەرپرسی بەشی هاتووچۆی قەزای شارەزوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لە جۆری لێکدان بووە و لە نزیک گوندی مەحموود خانی روویداوە، بەهۆیەوە باوک و کوڕێک گیانیان لەدەستداوە و سەرنشینی یەک ئۆتۆمبێل بوون.
رووداوە هاتووچۆکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی هیۆندا و تۆیۆتا کراون بووە. بەگوتەی رائید موختار حوسێن، تەرمی کوڕ و باوکەکە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراون.
بریندارانی رووداوە هاتووچۆکەش رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراون لە سلێمانی. بەرپرسی بەشی هاتووچۆی قەزای شارەزوور گوتی، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.