پزیشكانی كوردی ئەوروپا دەیانەوێ داعش ببەزێنن
رووداو – كۆپنهاگن
نەمام غەفووری بەو نیازە سوێدی بەجێهشت و گەڕایەوە كوردستان، تاوەكو بەشداری لە شەڕی پێشمەرگە لەدژی داعشدا بكات. هەرچەندە وەكو باوك و باپیری كە كاتی خۆی پێشمەرگە بوون، هیچ توانایەكی سەربازیی نییە، بەڵام دەیەوێ وەكو پزیشكێك خزمەتی هێزەكانی پێشمەرگە بكات.
نەمام یەكێكە لەو چەند پزیشكە كوردەی لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە كوردستان و لە شەڕی كورد دژ بە داعش لەڕێگەی توانا پیشەییەكانی خۆیانەوە بەشدارن.
نەمام كە 35 ساڵێك دەبێت نیشتەجێی سویدە، باسی ژیانی رابردووی خۆی دەكات و دەڵێت "من خۆم لە شاخ و لە شەڕدا لەدایكبووم، بۆیە دەمزانی ئاوارە بوون چ دەگەیەنێت و بیرمكردەوە رەنگە بتوانم یارمەتییان بدەم". نەمام لە دایكبووی كۆیەیە و دەڵێت "چەند لە دۆخی كارەساتباری ئاوارەكان ورددەبیتەوە، هێندە زیاتر حەز دەتگرێت كە بە هانایانەوە بچیت".
نەمامی پزیشک ئێستا گەڕاوەتەوە سوید. دوای ساڵێك لە هاتوچۆی بەردەوام بۆ باکوور و رۆژئاوا و باشووری کوردستان. ئەو لە زۆر شوێنی وەك سوروچ، كۆبانێ، زاخۆ و دهۆك هاوكاریی ئاوارەكانی كردووە و ناوەندێكی پزیشكیی بۆ ئاوارەكانی كۆبانێ و شنگال كردووەتەوە كە پێشتر بە دەستی داعش گورزیان بەركەوتبوو.
نەمام بیری دێتەوە كە گرووپەكەی ئەو یەكەم تیم بوون و هەر لەگەڵ هێرشی داعش گەیشتنە شنگال و یارمەتیی کوردە ئێزیدییەكانیان دا. ئەو دەڵێت سەرباری هێرشی رۆژانەی داعش بۆ سەر مەزارگەی شەرفەددین، هێشتا تیمەكەی ئەوان لە كار دانەبڕاون. نەمام و تیمەكەی هیچ ترسێكیان لەو هێرشانەی داعش نەبووە. ئەو دەڵێت "دەبێ بەسەر ترسدا زاڵ بیت. چونكە ئەگەر وانەكەیت دەیدۆڕێنی و داعش دەیباتەوە".
لوقمان ئەتروشیش كە خەڵكی دهۆكە ماوەیەك بەرلەئێستا دەستی لە پیشە پزیشكییەكەی خۆی بەردا و گەڕایەوە كوردستان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان. لوقمان كە نزیكەی 21 ساڵە لە سوید دەژیت، لەڕێگەی كۆمەڵی پزیشكانی سوید، كە گروپێكی خۆبەخشن و لە 400 دكتۆر و قوتابی پزیشكی پێكدێن، یارمەتی خۆی پێشكەشكردووە.
لوقمان كەلوپەل و پێداویستی پزیشكی بۆ كەمپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان دابینكردووە. ئەو دەڵێت هێشتا پەشۆكاوی ئەو رۆژەیە كە تێیدا ئاوارەكان لە دەستی لەشكری داعش رایان دەكرد "زۆر لە ئاوارەكان تووشی داچڵەكان بوون، بە تایبەت كچ و ژنی كوردی ئێزدی".
ئەو دەڵێت : "من دەمویست شتێك بۆ خەڵكی خۆم بكەم. كارەكە بێ مەترسی نییە، بەڵام كەسی دیكە نییە كە یارمەتییان بدات، دیارە خۆ ناشكرێت هەر وا وازیان لێ بهێنین". شەبنەم ئەسەدزادە كە كوردی رۆژهەڵاتە ئێستا لە توركیایە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان لە سوروچ كە شارۆچكەیەكی نزیكی كۆبانییە.
ئەو كە پێنج ساڵ لەمەوبەر چووەتە سوید بۆ ئەوەی خوێندنی پەرەستاری تەواو بكات، ئێستا مۆڵەتی وەرگرتووە. شەبنەم بەمدواییانە لە كۆبانی بوو كاتێك زیاتر لە 200 خەڵكی مەدەنی لە تەقینەوەیەكی خۆكوژی داعشدا گیانیان دا. شەبنەم لە رێگەی ئەو پارە و خواردن و كەلوپەلی پزیشكییەوە یارمەتیی خێزانە لێقەوماوەكانی دا كە لەرێگەی رەوەندی كوردییەوە كۆی كردبووەوە.
ئەو دەڵێت "بۆ من هیچ جیاوازییەكی نەبوو كام بەشە لە كوردستان تووشی نەهامەتی بووەتەوە. ئەم كارەساتە میللەتی منی پێكاوە و من دەمەوێت ئەوەی لە دەستم دێت بۆیان بكەم".
كۆمەڵەی پزیشكانی كورد لە سوید لە ساڵی 1988 دوای بۆردومانی هەڵەبجە پێكهاتووە. ئەو گرووپە خۆی وەك رێكخراوێكی خۆبەخشانەی نا سیاسی و نا ئاینی دەناسینێ و پزیشكەكانی كورد لە سوید لە خۆ دەگرێت. مەبەستی سەرەكییان ئەوەیە كە یارمەتیی سیستەمی تەندروستیی كوردستان بدەن و هاوكات لە رۆژئاڤاش یارمەتیی خۆیان پێشكەش كردووە.
سوید كە ژمارەیەكی زۆر كوردی لێیە و پێنج نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە. توانیویانە سەرنجی زۆربەی سوێدیییەكان رابكێشن، تاوەكو حكومەتەكەیان یارمەتی هێزەكانی پێشمەرگە بدەن و خەڵكەكەش بەشداری لە كەمپینەكانی كۆكردنەوەی پیتاك بۆ ئاوارەكان بكەن.