گەنجێك دەبێتە قوربانیی تاوانەكانی شێخ زانا و باندەكەی
رووداو- هەولێر
برای یەكێك لەو كەسانەی ساڵی 2005 لەگەڵ باندەكەی شێخ زانا بەتۆمەتی چەندین تاوانی قێزەون لەسێدارەدران، دوای لەسێدارەدانی براكەی تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبێت. ئەو گەنجە كە ئامۆزای شێخ زاناشە، ئێستا لە نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێرە.
مستەفا موعتەسەم، 28 ساڵ، برای ئەژی موعتەسەمە كە یەكێك بوو لە ئەندامانی باندەكەی شێخ زانا. ئەژی بەشداری چەندین تاوانی كوشتن، رفاندن، نێربازی و دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان كردبوو. دوای ئاشكرابوونیان لەگەڵ شێخ زانا و باندەكەی، لە زیندانی محەتە لە هەولێر لەسێدارەدران. مستەفاش دوای لەسێدارەدانی برا و ئامۆزاكەی تووشی شڵەژانی دەروونی بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێرە.
ئەوكاتەی شێخ زانا و حەوت ئەندامی باندەكەی لەسێدارەدران، مستەفا تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بووە. ئەو بە (رووداو)ی گوت: "ئێمە دوو برا و سێ خوشك بووین. ئەژی برا گەورەم بوو. كوڕێكی لەخواترس و بەئەدەب بوو، هیچكات هەستم بەوە نەكردووە لەگەڵ شێخ زانا ئەو تاوانە قێزەونانەیان كردبێت، ئێستاش باوەڕ ناكەم".
مستەفا دەروونی بە جۆرێك شێواوە، پێیوایە ئەوان بوختانیان بۆ كراوە "شەهیدن نەك تیرۆریست".
سەبارەت بە شێخ زاناش دەڵێ: "شێخ زانا كەسێكی زۆر باش و چاكەكار بوو. یارمەتی منیشی دەدا بۆ ئەوەی لە ماركێتی هەڵەجە ئیشیان لەگەڵ بكەم، لەوێ كاری رێكخستنی كەلوپەلەكانم دەكرد".
مستەفا هەر كاتێك گوێی لە ناوی براكەی دەبێ، چاوەكانی پڕ دەبن لە فرمێسك و دەڵێت: "براكەم هیچی نەكردبوو، بەناهەق لەسێدارەیان دا. من تەنیا ئەو برایەم هەبوو، رۆژێكیش نەمبینی مامەڵەیەكی نەشیاو لەگەڵ ئێمە و هیچ كەسێك بكات. ئەو مرۆڤدۆست بوو، هەمیشە ئامۆژگاری ئێمەی دەكرد كە رێزی هەموو كەسێك بگرین. بە منی دەگوت دەبێت بەقسەی باوك و خوشكەكانم بكەم، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام باسی ئیسلامی بۆ دەكردم".
دوای دەستگیركردنی براكەی، مستەفا وازی لە خوێندن هێنا و دەڵێ: "ئەژی برام، خێزاندار بوو، یەك كوڕی هەبوو بەناوی محەممەد. ئەوكاتەی زانیم لەگەڵ شێخ زانای ئامۆزام دەستگیركراون زۆر خەمم خوارد، بۆیە وازم لە خوێندن هێنا. تا رۆژی لەسێدارەدانیان نەیانهێشت بیابینین و قسەیان لەگەڵ بكەین. تەنیا یەكجار رێگەیان پێداین بیانبینین، بەبێ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بكەین، ئەویش رۆژی لەسێدارەدانەكەیان بوو".
مستەفا زۆربەی كات دەستەوئەژنۆیە لە نەخۆشخانە، بەبێدەنگی دادەنیشێ، تاوەكو نەیدوێنی قسە ناكات. لەبارەی خێزانەكەی دەڵێ: "تەنیا باوك و زڕدایكم هەیە، بەڵام زڕدایكم پێی خۆش نییە لە ماڵەوە بم، لێمدەدا و چەقۆم لێهەڵدەگرێ و منی خۆشناوێ. باوكیشم دەزانێ، بەڵام ئەویش بەقسەی دایكم دەكات و ناوێرێ قسە بكات. من شێت نیم، بەڵام ئەو دەڵێ شێتە و ناردوویانم بۆ ئێرە".
مستەفا دەیەوێت لەڕێگەی (رووداو)ـەوە دەنگی بگاتە خوشكەكانی و دەڵێ: "باوكم لەبەر دایكم ناوێرێ هیچ بڵێ، بۆیە داوا لە خوشكەكانم دەكەم كە شوویان كردووە و لە ئەوروپان، لێرە دەرمبێنن و بمبەن بۆ لای خۆیان".
لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی ساڵی 2005 ئاسایشی هەولێر زانا نەسرەت شێخ عەبدولكەریم بەرزنجی، ناسراو بە (شێخ زانا)ی لەگەڵ گرووپێكی هەشت كەسی بەناوەكانی وەستا فاریق، یوسف عەزیز، كارزان ئیسماعیل، مولازم دلێر، ئەژی موعتەسەم بەرزنجی (ئامۆزای شێخ زانا)، هەڤاڵ بورهان محەممەد، مەریوان كەریم، یەعقوب عەزیز، كە مامۆستای زانكۆ بوو، دەستگیر كرد".
لە ماڵەكەی شێخ زانادا چەندین جۆری چەك لە كڵاشینكۆفەوە تاوەكو تی ئێن تی و بۆمب و دەمانچە و ژەهریش دۆزرانە كە دەرخواردی هەر كەسێك بدرابایە دوای هەفتەیەك دەیكوشت. شێخ زانا لە دانپێدانانی خۆیدا گوتبووی كە خەونی ئەو دروستكردنی ئەمارەتێكی ئیسلامی بووە و سەرەتاش بە دروستكردنی گرووپێكی جیهادی دەستیپێكردووە، مەبەستیشی بووە دەزگایەكی موخابەراتیی ئیسلامی دروست بكات.
ئەو گرووپە كە كاریان كوشتنی خەڵك بە دەمانچەی بێدەنگ، سەربڕینی خەڵك و پارچەپارچەكردن، نێربازی لەنێو خۆیاندا، هەروەها هەڵخەڵەتاندنی ئافرەت و دەستدرێژیكردنە سەریان و وێنەگرتنیان بوو، لە مانگی شەشی 2005 لە زیندانی محەتەی هەولێر لەسێدارەدران، تەنیا كارزان ئیسماعیل بە زیندانی هەتاهەتایی سزا درا، بەهۆی ئەوەی تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بوو.