سێ مانگە مووچەی کرێکارانی شارەوانیی ئیلام نەدراوە
رووداو دیجیتاڵ
کرێکارانی شارەوانیی شاری ئیلام سێ مانگە مووچەیان پێنەدراوە و شارەوانی پارەی بیمەی ئەو کرێکارانەش ناخاتە سەر هەژماری بانکییان.
کرێکارێکی شارەوانیی ئیلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو شارەدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت، سێ مانگە مووچەیان پێنەدراوە و پارەی بیمەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیشیان نەخراوەتە سەر هەژمارەکەیان. ئەو کرێکارە دەڵێت، تەنیا سەرچاوەی داهاتیان ئەو مووچەیەیە و بەهۆی دواکەوتنی پێدانی مووچە، توانای کڕینی نانی وشکیشیان نەماوە.
بە گوتەی ئەو کرێکارە، بەهۆی پێنەدانی مووچەکەیان، نەیتوانیوە دەرمانیش بکڕێت. ئەو کرێکارە دەڵێت، نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و بەکارنەهێنانی دەرمان بووەتە هۆی ئەوەی تەندروستی خراپتر بێت.
کرێکارانی شارەوانیی ئیلام لە 20-05-2023ش دژی دواکەوتنی مووچەکانیان مانیان گرت، بەڵام دواتر لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی شارەکە لەبارەی پێدانی مووچەکانیان دەستیان بە کار کردەوە.
نزیکەی 450 کەس وەکو کرێکار لە شارەوانیی ئیلام کار دەکەن. زۆربەی کرێکارانی شارەوانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مانگانە دەوروبەری 7 ملیۆن تمەن مووچە وەردەگرن.