سەرۆک بارزانی: دامەزراندنی یەكێتیی زانایان لەلایەن بارزانیی نەمر هەنگاوێكی گرنگ بوو


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی بە بۆنەی 51ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان رایدەگەیێنێت، دامەزراندنی یەکێتییەکە "لەسەر دەستی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاراستەی بەهێزتركردنی رۆڵی مامۆستایان و گەورەپیاوانی ئایینی بۆ پتەوكردنی بنەماكانی دینداری و خواناسی و بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی."
 
سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە مامۆستایان، گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەکات. 
 
سەرۆک بارزانی راشیگەیاندووە، مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە قۆناخی خەبات و شۆڕشدا رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی خەڵك و ناساندنی مافەكان و رەتكردنەوەی زوڵم و بندەستی. 
 
لەبارەی رۆڵ و کاریگەریی یەکێتیی زانایان، مامۆستایان و پیاوانی ئایینی، سەرۆک بارزانی دەڵێت، رۆڵیان "زۆر بەرز دەنرخێنم كە لەو كاتەی تیرۆر هەڕەشەیەكی گەورەیە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بە حیكمەت و شارەزاییان لە بنەما پیرۆزەكانی ئایینی هۆكارێكی بەهێزبوونە بۆ ئەوەی هزری تووندڕەویی و تیرۆر نەتوانێت لەنێو گەلەكەمان شوێن و پێگە بكاتەوە."
 
بەبۆنەی ئەو یادەوە، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم."