جێگری سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە: تاوەکو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لیوای 20 دەستبەکار دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بڕیارە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لیوای 20ی هاوبەش دەستبەکاربن، دوای ئەوە دەست بە مەشق و راهێنانەکان دەکەن و دواتر لە ناوچەی بۆشایی ئەمنی بڵاودەکرێنەوە. بڕیارە هەفتەی داهاتووش شاندێکی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ ئەو مەبەستە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن.
 
شەوی چوارشەممە 20-09-2023 لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرەی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق رێککەوتنی تەواو هەیە بۆئەوەی ئەو لیوایە دەستبەکاربن و رێکارەکان بەردەوامە، بڕیارە لە سەرەتا تاوەکو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئەو لیوایە دەستبەکار بێت و دوای ئەوە دەست بە مەشق و راهێنان و پڕچەککردنیان دەکرێت و پاشان بڵاودەکرێنەوە."
 
سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو دوو لیوا هاوبەشە لە ناوچەی بۆشایی ئەمنیی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، گوتی، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆببنەوە بۆئەوەی تاوتوێی ئەرکەکان و ئەو شوێنانە بکرێت کە لیوا هاوبەشەکانی تێدا بڵاودەکرێنەوە."
 
لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ئاماژەی بەوەش دا، هەر لەدوای دەستبەکاربوونیان شایستە داراییەکانی لیواکە خەرج دەکرێت، واتە لەگەڵ دەستبەکاربوونیان مووچە بۆ ئەو هێزانە دابینکراوە و مووچەیان بۆ هەژمار کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش لە نزیکەوە چاودێریی کۆبوونەوەکان دەکات و ئامادەییان بۆ پێدانی چەک و تفاق بە لیوا هاوبەشەکان نیشانداوە.
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو 13 ئەفسەر و 47 سەربازەی پێشتر لەنێو هێزە ئەمنییەکاندا بوون و وازیان هێناوە، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر گوتی، "ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە و لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەردەچێت و لەگەڵ لیوای 20 دەستبەکار دەبن."
 
مانگی ئابی ساڵی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنین لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرن بۆ هێرشکردن.
 
لیوای 20ی هاوبەش زیاتر لە 3700 پێشمەرگە دەبێت و مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە.