تەرمی ئەندامەکەی کەنەکە رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەڵێت، بڕیارە سبەی تەرمی دەنیز جەودەت، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کە رۆژی دووشەممە لەنێو ئۆفیسی (KNK) لە شاری هەولێر کوژرا، رادەستی بنەماڵەکەی بکرێتەوە و بە مەبەستی بەخاکسپاردنی رەوانەی باکووری کوردستان بکرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023، شوکروڵڵا حەمەدئەمین، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە لە ئۆفیسی شاری هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە کاژێر 8:00ـی بەیانی هەینی، تەرمی دەنیز جەودەت هێڤی لە بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر رادەستی بنەماڵەکەی بکرێت و دواتر بە رێوڕەسمێک رەوانەی باکووری کوردستان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لە زێدی خۆی بەخاک بسپێردرێت". 
 
سەبارەت بە دەستگیرکردنی هیچ کەسێک لەسەر کوشتنی ئەو ئەندامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، شوکروڵڵا حەمەدئەمین گوتی، "تاوەکو ئێستا دەزگاکانی ئاسایش و دەزگا فەرمییەکانی دیکە هیچ شتێکیان بە ئێمە نەگووتوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێراکانی ئەو شوێنەی تیرۆرکردنەکەی تێدا کراوە لای ئاسایشە".
 
بڕیارە دوای گەیاندنی بە باکووری کوردستان، تەرمی دەنیز جەودەت لە گوندی دێلەزێ لە شارۆچکەی گەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان بە خاک بسپێردرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 18-09-2023 ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەناوی دەنیز جەودەت بولبون، ناسراو بە دەنیز هێڤی، لە نێو بارەگای کەنەکە لە شاری هەولێر، هێرشی کرایە سەر و کوژرا.
 
رۆژی رووداوەکە، شوکروڵڵا حەمەدئەمین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە کاژێر 1:30 روویداوە. کەسێک کە دەموچاوی نەپێچرابوو و هیچ دەمامێکی نەبەستبوو، چووەتە سەر بارەگاکەمان لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر و دوای ئەوەی لە دەرگای داوە ئەو هەڤاڵەمان دەرگای کردووەتەوە. بکوژ چەند گوللەیەکی پێوە ناوە و کوشتوویەتی".
 
بە گوتەی شوکروڵڵا حەمەدەمین، ئەوان ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنیان لەشاری هەولێر هەیە؛ گوتیشی، "ئەو هەڤاڵەی ئێمە کە کوژراوە لە ئۆفیسی هەولێر کاری دەکرد و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بوو".
 
بیرۆکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەگەڕێتەوە.
 
لە 22ی تەممووزی، 2013، لە شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی و چاودێریی راستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەچوو؛ بۆ یەکەمجار 39 حیزبی سیاسی کورد کە نوێنەرایەتیی توێژەکانی گەلی کوردیان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان دەکرد، کۆبوونەوە.