یەکێتی وەڵامی د. سلێمان گەیلانی دەداتەوە: کۆمەڵێک هەڵەی زەق و ناهەقی بەرامبەر مام جەلال کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەشی هەڵسەنگاندن و چاودێریی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و وەڵامی لێدوانەکانی د. سلێمان گەیلانی دایەوە کە لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە چەند رۆژی رابردوودا لەبارەی مام جەلال قسەی کرد.
یەکێتی، لێدوانەکانی د. گەیلانی بە "هەڵەی زەق و ناهەقی" لە قەڵەم داوە و بە ئەرکێکی ئەخلاقیی خۆیانی زانیوە بۆ راستکردنەوەیان. هەڵە مێژووییەکان لە لێدوانەکانی د. گەیلانیدا:
1ـ بەڕێز گەیلانی دەڵێت: لە ساڵی (2004) مام جەلال كە سەرۆككۆماری عیراق بوو، سەردانی وڵاتی ئۆسترالیای كرد، ئەم مێژوویەی كە جەنابیان باسی دەكەن هەڵەیە، چونكە لە ساڵی (2005) بە سەرۆككۆماری عیراق هەڵبژێردرا نەك ساڵی (2004)، هەروەها ساڵی (2003) سەرۆكی ئەنجوومەنی حوكم بووە لە عێراق.
2ـ بەڕێز گەیلانی دەڵێت: لە یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی ئەو وڵاتە بە ئاڵای كوردستان پێشوازی لێكرا و ئاڵای عێراقیان دانەنابوو، ئەمەش هەر نەدەبوو جەنابی دكتۆر گەیلانی باسی بكات، چونكە كاتێ سەرۆككۆماری وڵاتێك سەردانی وڵاتێكی دیكە دەكات لەڕووی پرۆتۆكۆڵیەوە لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لێدەكرێت و ئاڵای هەردوو وڵات دادەنێت و رێگە نادرێت ئاڵای هەرێمێك یان نەتەوەیەك بە تەنیا دابنرێت.
3ـ جەنابی دكتۆر سلێمان گەیلانی دەڵێت: لە شوێنی حەوانەوەی خۆی مام جەلال پێی گوتووە ئەگەر بگەڕێتەوە، پۆستی پەرلەمانتار یان وەزیری دەرەوە پێی دەدەن!! ئەمەش رێی تێناچێت، چونكە لە هەرێمی كوردستان و لە عێراق پۆستی پەرلەمانتار بە هیچ كەسێك نادرێت، بەڵكو لەڕێی سندووقەكانی دەنگدانەوە پەرلەمانتار هەڵدەبژێردرێن، هەروەها پۆستی وەزیری دەرەوە دەدرێت بە كەسێك كە مەرج و تایبەتمەندییەكانی تێدا بێت وەكو هاووڵاتی عێراقی بێت، زمانی عەرەبی بەباشی بزانێت لەڕووی پسپۆڕییەوە بۆ ئەو ئەركە گونجاوبێت، لەسەر ئاستی عێراقی و ئیقلیمی و تاڕادەیەك نێودەوڵەتی ناسراو بێت. جگە لەوە كێ دەڵێت ئەو پۆستە پشكی كورد دەبێت و لە كوردیش پشكی یەكێتی دەبێت، سەرەڕای هەموو ئەمانە لە دوای ئەوەی سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆككۆمار هەڵبژێردرا كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ سوێندی یاسایی خوارد و وەزیری دەرەوەی عێراق دەستبەكاربوو، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ئەوە قسەی سەرۆك مام جەلال نییە.
4ـ بەڕێز گەیلانی دەڵێت مام جەلال گوتی سەرۆكی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆی بینیوە، ئەمەش قسەی سەرۆك مام جەلال نییە، چونكە هەر كەسێ كەمێك سیاسەتی كردبێت دەزانێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان سكرتێری هەیە نەك سەرۆك.
بۆیە كاتێ هەموو ئەم هەڵە و خەوشیانە لە قسەكانی جەنابی دكتۆر سلێمان گەیلانی دەبینین، پێویست بەوە ناكات كە وەڵامی جەنابیان بدەینەوە لەسەر ئەوەی گوایە مام جەلال بە بینینی نامەیەك زۆر نیگەران بووە. مام جەلال لەو سەردەمەی كە بەهۆی نسكۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە بێ ئومێد نەبوو، بەڵكو چەخماخەی شۆڕشی نوێی داگیرساند چ جا بە بینینی نامەیەك دەڕوخێت!!
5ـ دوا سەرنجمان لەسەر بەرنامەكەی كەناڵی رووداوە، ئەوەی تێبینیمان كردووە پێشكەشكاری بەرنامەكە هەوڵ دەدات ئاراستەی رووداوەكان بە جۆرێك بگۆڕێت كە لەگەڵ راستییە مێژووییەكان یەكنەگرێتەوە و خزمەت بە ئەجێندای لایەنێك بكات و زیان بە لایەنێكی دیكە بگەیێنێت.
گوتەبێژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: بەرنامەی پەنجەمۆر بەشێوەی گفتوگۆی ڤیدیۆیی بڵاودەکرێتەوە، کەسەکان بە پشتبەستن بە زانیاری و یادەوەرییەکان و بەبیرهاتنەوەیان رووداوەکان دەگێڕنەوە، رووداو ناتوانێ دەستکارییان بکات. هەروەها هاوکارمان کاوە ئەمین، پێشکێشکاری بەرنامەی ( پەنجەمۆر) بەشدارییەکی گەورەی کردووە و دەکات لە تۆمارکردنی مێژووی زارەکی هاوچەرخی کوردستان دا لە رێگەی ( پەنجەمۆر)ەوە و، ئەو هاوکارەمان پرسیار دەکات بەشێوەیەکی پیشەییانە نەک لایەنگرانە.