لە هەرێمی کوردستان زەنگی خوێندن لێدەدرێت؛ یۆنیسکۆ هۆشداری لە "قەیرانی فێربوون" لە عێراق دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بە سروودی ئەی رەقیب دەرگای قوتابخانەکان کرانەوە، ملیۆنان قوتابی و خوێندکار ئەمڕۆ دەچنەوە پۆلەکانی خوێندن و ساڵێکی نوێی فێربوون و پەروەردە دەستپێدەکەن.
بە سروودی "ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی کورد زوبان،" زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2025 - 2026 لێدرا، نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ دەست بە دەوامی ساڵێکی نوێی خوێندن دەکەن، ئەگەرچی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی زەنگی بایکۆتی وانەگوتنەوەیان لێداوە.
لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە ناوچە کێشەلەسەرەکان 150 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردین دەخوێنن.
بۆ دەستپێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا، بەمەش وەرزی نوێی پەروەردە و فێرکردن دەستیپێکرد.
ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ژمارەی وردی ئەمساڵ ڕانەگەیەندراوە. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 6 هەزار قوتابخانە هەن، کە 57٪یان لە هەولێر و دهۆک و 43٪یان لە سلێمانی و هەڵەبجەن.
بەپێی ئامارەکان کە بەتایبەت بۆ رۆژی هیوا جەمال نێردراون، تاوەکو ئێستا 434 قوتابخانە بە شێوەی گشتی و بەشەکی نۆژەن کراونەتەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ خوێندن بڕەخسێنن. هاوکات، کارکردن لە دروستکردنی 30 قوتابخانەی نوێدا بەردەوامە کە بە گشتی 473 پۆلی نوێی خوێندن بۆ سیستەمی پەروەردە زیاد دەکەن. جگە لەوەش، 28 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە بە تەواوی ئامادەن و لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا دەکرێنەوە، کە 309 ژووری خوێندنی دیکە لەخۆدەگرن.
لە هەنگاوێکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و پاراستنی ژینگە، 127 قوتابخانە سیستەمی وزەی خۆریان بۆ دامەزراوە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی "گەڕانەوە بۆ خوێندن"، لە ماوەی ئەم کابینەیەدا 33,341 قوتابی کە لە خوێندن دابڕابوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ پۆلەکانیان. پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ نزیکەی 160 هەزار قوتابی بۆ یەکەمجار بچنە پۆلی یەکەم.
کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان پشت بە 148,488 مامۆستای میلاک و گرێبەست و 31,555 فەرمانبەر دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن.
بۆ ساڵی نوێش، وەزارەتی پەروەردە کاتەکانی دەوامی قوتابخانەکانی بەپێی سیستەمی یەک، دوو، و سێ دەوامی دیاری کردووە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەڕێوەبچێت.
خوێندنی کوردی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەردەوامە، بەڵام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورە بووەتەوە:
• کەرکووک: زیاتر لە 100 هەزار قوتابیی کورد لە 557 قوتابخانە دەخوێنن و زیاتر لە 8500 مامۆستا وانەیان پێدەڵێنەوە.
• شنگال: 26 هەزار قوتابی لە 105 قوتابخانە دەخوێنن، کە زۆربەیان دوو یان سێ دەوامن. 2780 مامۆستا و فەرمانبەر پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن.
• خانەقین: نزیکەی 5000 قوتابی لە 32 قوتابخانە لەلایەن 3300 مامۆستا و فەرمانبەرەوە وانەیان پێدەگوترێتەوە.
• مەخموور: 86 قوتابخانە و زیاتر لە 863 مامۆستا هەن، کە ساڵی رابردوو وانەیان بە 8322 قوتابی دەوتەوە.
• خورماتوو: دۆخەکە زۆر سەختە؛ 35 قوتابخانەی کوردی تەنها 10 بینایان هەیە، ئەمەش وایکردووە زۆربەیان سێ دەوامی بن و هەندێک پۆل 60 قوتابی لەخۆبگرن. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لەو شارە دەڵێت، بەهۆی خانەنشینبوونی مامۆستایانەوە ئەم ساڵ گرفتی کەمیی میلاک دروست دەبێت و خوێندنی کوردی لە خورماتوو لە پلانی پەروەردەی حکومەتی هەرێمدا نییە.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکی خوێندن، راپۆرتێکی نوێی یۆنیسکۆ داتا و ئاماری مەترسیدار لەبارەی دۆخی خوێندنی منداڵان لە ناوچە ناجێگیرەکانی جیهان، بە عێراقیشەوە، ئاشکرا دەکات.
• کاریگەریی قەیرانەکان لە عێراق: زیاتر لە 6 ملیۆن و 360 هەزار منداڵ و هەرزەکار لە عێراق (39٪ی کۆی گشتی) کاریگەریی قەیرانەکانی وەک کۆچبەری، نائارامیی ئەمنی و سیاسی و قەیرانی داراییان لەسەرە.
• منداڵانی دەرەوەی قوتابخانە: لەسەر ئاستی جیهان 234 ملیۆن منداڵ و هەرزەکار بەهۆی قەیرانەکانەوە پێویستییان بە پاڵپشتییە بۆ خوێندن. لە عێراقدا زیاتر لە ملیۆنێک و 220 هەزار منداڵ لە دەرەوەی قوتابخانەن، کە 22٪یان هۆکارەکەی ناکۆکی و قەیرانەکانە.
• هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان: یونیسکۆ ساڵی 2024بە "خراپترین ساڵ" بۆ قوتابییان لە ناوچەکانی جەنگ دادەنێت. ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 41 هەزار پێشێلکاری بەرامبەر قوتابییان تۆمارکراوە، کە بەرزترین ئاستە لە 30 ساڵی ڕابردوودا. پێشێلکارییەکان بریتین لە بۆردومانکردنی قوتابخانەکان یان بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سەربازی.
• دۆخی غەززە: دۆخەکە لە غەززە کارەساتبارە؛ یونیسکۆ هەموو منداڵانی غەززەی وەک "منداڵی دەرەوەی قوتابخانە" پۆلێن کردووە، چونکە هیچ قوتابییەک بەهۆی داخران یان وێرانبوونی قوتابخانەکان ناتوانێت بخوێنێت.
85 ملیۆن منداڵ لە خوێندن دابڕاون
ژمارەی منداڵانی قوربانیی قەیرانەکان لە سێ ساڵدا 35 ملیۆن زیادی کردووە و کچان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. 85 ملیۆن منداڵ لە خویندن دابڕاون.
سندوقی "پەروەردە چاوەڕوانی ناکات" (ECW)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئامارێکی شۆکهێنەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند 234 ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆی قەیرانەکانی وەک شەڕ، ئاوارەیی، و گۆڕانی کەشوهەواوە پێویستیان بە هاوکاریی پەروەردەیی هەیە.
ڕاپۆرتەکە، بە ناوی "دۆخی پەروەردە بۆ منداڵانی قوربانیی قەیرانەکان 2025" بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە لەو ژمارە زەبەلاحە، 85 ملیۆن منداڵ بە تەواوی لە خوێندن دابڕاون، کە دەکاتە 37%ی کۆی منداڵانی قوربانی. ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو، بەلایەنی کەمەوە 35 ملیۆن زیادی کردووە، کە ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەی کارەساتە مرۆییەکان.
بەپێی راپۆرتەکە، کچان و منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، قوربانیی سەرەکیی ئەم دۆخەن. 52%ی ئەو منداڵانەی لە خوێندن دابڕاون کچن، هەروەها زیاتر لە 17 ملیۆن منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەنێو ئەو منداڵانەدان کە لە مافی خوێندن بێبەش کراون.
نیوەی کێشەکە لە باشووری سەحرای ئەفریقا چڕبووەتەوە و پێنج وڵات (سودان، ئەفغانستان، ئەسیوپیا، کۆنگۆ، و پاکستان) بە تەنها نزیکەی نیوەی سەرجەم منداڵە دابڕاوەکانی جیهانیان تێدایە.
راپۆرتەکە هۆشداری دەدات لە "قەیرانی فێربوون" و دەڵێت تەنانەت ئەو منداڵانەی دەرفەتی چوونە قوتابخانەشیان هەیە، فێربوونێکی کوالێتی بەرز وەرناگرن. بەپێی ئامارەکان، تەنها 17%ی قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی لە ناوچە قەیراناوییەکان، لە کۆتاییدا دەگەنە ئاستی بنەڕەتیی خوێندنەوە.
سندوقی "پەروەردە چاوەڕوانی ناکات" داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەپەلە بجوڵێن و بودجەی پێویست تەرخان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە گەورەیە.