عەدنان عوسمان: دڵەڕاوکێمان هەیە هێزە کوردستانییەکان یەخەی یەکتر بگرن
رووداو- هەولێر
عەدنان عوسمان، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەفزیۆنی رووداو رایگەیاند، هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکگرتوو نییە و لەژێر یەک فەرماندەیشدا نییە.
عەدنان عوسمان لەبارەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گوتی:" هەردوو حیزبی سەرەکی لە کوردستان کە یەکێتی و پارتین، هێزی تایبەت بەخۆیان هەیە و مەرجەعیەتی سەربازی خۆیان هەیە، ئەمەش بەشێکە لە کێشە گەورەکان، هەمووان داوای ئەوە دەکەن هێزی پێشمەرگە رێکبخرێت، پێویستە هێزی پێشمەرگە بە دەوڵەتی بکرێت. دڵەڕاوکێی ئەوەمان هەیە کە هێزە کوردستانییەکان یەخەی یەکتر بگرن، پەنا بۆ چەک ببەن لەبەرامبەر یەکتر، بۆیە وا پێویست دەکات وەزارەتی پێشمەرگە و وەزیری پێشمەرگە روونتر قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەن."
عوسمان گوتیشی:" پێموانییە گۆڕانێکی بچووکیش لە عەقڵی سیاسی کوردی روویدابێت، هێشتا بیرکردنەوەی سیاسی کوردی و تێگەیشتنی سیاسەتمەدارانی کورد بۆ پرسەکان بۆ ململانێکان بەرامبەر دوژمنەکان و ململانێکانی ناوخۆییان بۆ رێککەوتنی سراتیژیی و تەکتیکیان گۆڕانێکی زۆر گەورە رووینەداوە، عەقڵی سیاسی کورد نەک ئێستا، دەتوانم بڵێم لە دەیان ساڵ بەر لەئێستاش بە هەمان ریتم و شێوازو عەقڵیەت، شێوازی دابەشکردن و ململانێکردنی تووندی تا ئاستی یەکتر سڕینەوە بووە".
ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان لەبارەی توانای پەرلەمان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند،" ئومێدم نییە پەرلەمان توانای ئەوەی هەبێت بڕیارێکی وا گەورە دەربکات، کە تا ئێستا حیزبەکان سەرکردایەتییەکان نەیانتوانیبێت هێزەکانی پێشمەرگە یەک بخەنەوە، هەموومان دەزانین بڕیارەکانی پەرلەمان دەنگدانەوەی بڕیارە سیاسییەکانە، کە لە دەرەوەی پەرلەمان دەدرێن".