قایمقامی کۆیە: بۆ پاراستنی گیانی رێبواران زیاتر لە دوو کاژێر رێگەی کۆیە - هەولێرمان داخست


رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای کۆیە رایگەیاند، بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرێکی غازی شلەوە لە نزیک بازگەی تۆپزاوا لەسەر رێگەی هەولێر - کۆیە ماوەی زیاتر لە دوو کاژێر رێگەکەیان داخست، دواتر رێگەکەیان کردەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 21-11-2022، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان تانکەرێکی غازی شل و ماتۆڕسکیلێک روویدا، بەهۆیەوە ماتۆڕسوارەکە گیانی لەدەستدا و تانکەرەکەش وەرگەڕا. 
 
تاريق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە رووداوی گوت: "رووداوەکە کاژێر 6:20 خولەک لە نزیک بازگەی تۆپزاوا لەسەر رێگەی کۆیە - هەولێر روویدا، بەهۆیەوە تانکەرەکە وەرگەڕا و بەهۆی کونبوونیی تانکییەکەیەوە غازێکی زۆر رۆیشت، بۆ پاراستنی گیانی رێبواران زیاتر لە دوو کاژێر رێگەکەمان داخست، دوای ئەوەی کۆمپانیا هات و تانکەرەکەیان برد رێگەکەمان کردەوە." 
 
سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکەش، تاريق حەیدەری گوتی: "ئەو کوڕەی گیانی لەدەستدا دانیشتووی کۆیەیە و ناوی حەسەن عەبدولباقی شێخەروانییە کە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بووە."
 
رێگەی هەولێر - کۆیە یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە سلێمانییەوە. رێگەکە یەک سایدە و تاوەکو ئێستا چەندین رووداوی سەختی هاتووچۆ لەسەر رێگەکە روویانداوە.