وەزارەتی ناوخۆ گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەگۆڕێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی عەقید لە شوێنەکەی بە وەکالەت دیاریکرا. گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت، بە فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆ گواستراوەتەوە بۆ بەشێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر.
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ سێشەممە،21-11-2023، بە ژمارە 36797 و بە واژۆی عەمیدی مافپەروەر ئارام بورهان جەواد بەناوی فەرمانی کارگێڕییەوە دەرچووە، عەقیدی هاتووچۆ فازڵ حاجی حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە بەرپرسی راگەیاندن و هۆشیاری کە هاوکات گوتەبێژی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە لە پۆستەکەی لادرا و بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی قەزای دەشتی هەولێر گواسترایەوە و پۆستی بەرپرسی بنکەی هاتووچۆی دارەتووی بە وەکالەت پێسپێردراوە.
فازڵ حاجی لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتی: "لەپاش 13ساڵ کارکردن و مانەوە لە پۆستی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، ئەمڕۆ بە فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆ گواسترامەوە بۆ بەشێکی تر لەبەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر. سوپاس بۆ خوا کە گواستنەوەکەم وەکو رێکارێکی کارگێڕی ئاساییە، من لێرەوە سوپاسی هەمو لایەک دەکەم، و من سەربازم لەهەر کوێیەک بێت ئەرکی خۆم بەجێدەگەیەنم، لەهەمان کات پیرۆزبایی لە هاوڕێ و هاوپیشەم عەقید هێمن محەممەد ئەمین دەکەم کەوەکو گوتەبێژ دەستبەکاردەبێت، هیوای سەرکەوتنیشی بۆدەخوازم."
لەو فەرمانە کارگێڕییەدا لە شوێنی عەقید فازڵ حاجی حوسێن، عەقیدی هاتوچۆ هێمن حەمەدئەمین ئیبراهیم بە بەرپرسی راگەیاندن و هۆشیاریی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە وەکالەت دانراوە و فەرمانەکە لە ئەمڕۆ سێشەممە، 21-11-2023 ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەرچەندە لە نووسراوەکەی هاتوچۆی هەولێر باس لە هۆکاری ئاڵوگۆڕەکە نەکراوە، بەڵام رۆژی یەکشەممە، 19ـی ئەم مانگە کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارین بەخوڕەوە دەوامی لە فەرمانگەکانی حکومەت کرد بە پشوو، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گوتبووی خەڵک لەو رۆژەدا کە کراوەتە پشوو بۆ ئەوەی لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە، نەڕۆنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەبەر باران سناپ بکەن.