لافاو لە باکووری کوردستان بووە هۆی گیانلەدەستدانی نۆ کەس و بێسەروشوێنبوونی 11ـی دیکە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی لافاوەکەی رۆژی دووشەممەوە، لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و 11ـی دیکە بێسەروشوێنبوون، ئەوە جگە لەوەی دەیان دووکان و ماڵ زیانیان پێگەیشت.
بەشێک لە هاونیشتمانییە زیانلێکەوتووەکان براونەتە بەشە ناوخۆییەکان تاوەکو کەش و هەوا باش دەبێتەوە و چارەسەر بۆ شوێنی مانەوەیان دەدۆزرێتەوە.
ئەکرەم جاناڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ دەڵێت، "یەکێک لە بەشە ناوخۆییەکانی شارمان بۆ ئەو هاووڵاتیانەمان تەرخان کرد. ئەگەر بەشی نەکرد میوانخانەی گشتیش واڵا دەکەین. جگە لەمانەش سوود وەرگرتن لە هۆتێلەکانیش لە پلاندایە. بەڵام بۆ ئێستا هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە".
هێشتا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە و شارەوانیی ئێلیهـ بەردەوامە لە کارەکانی.
سەرکان رامانڵی، پەرلەمانتاری هوداپار دەڵێت، "دوێنێ شەو بەهۆی بارانی بەلێزمە، لە باتمان و بە تایبەتیش لە دەرەبۆیو، دەیان خانوو، شوێنی کار و کۆگا زیانیان بەرکەوت. تیمەکانی ئیدارەی تایبەتیی شارەوانی لێرەن و لە هەوڵی دەردانی ئاون".
لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی رابردوودا شەپۆلێکی باران باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە. بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمیی حکومەتی تورکیا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 52ی دیکەش بریندارن. هەروەها 11 کەسیش بێسەروشوێنن.