رێگەی دەیان گوندی لوڕستان کرایەوە و بەفر رێگەی سنە بۆ دیواندەرەی داخست

رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لە لافاوەکانی رۆژی دووشەممە رێگەی هاتووچۆی 43 گوند داخراوە، بەڵام بەرپرسانی خۆجێی دەڵێن، ئەمڕۆ رێگەی هاتووچۆی بەشی زۆریان کراونەتەوە. هاوکات دەیان ئۆتۆمبێل لە رێگەی سنە بۆ دیواندەرە لەنێو بەفردا گیریان خواردووە.
 
محەممەد نازری، قایمقامی شاری مەعموولان لە پارێزگای لوڕستان، بەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-11-2023) گوتی: رێگەی هاتووچۆی 38 گوندی ناوچەی چوڵهوڵ، سەر بە شاری مەعمولان کراوەتەوە و 7 ئۆتۆمبێلیش کە لە لافاودا گیریان خواردبوو، سەرنشینەکانیان رزگارکراون.
 
مەهدی پازووکی، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان، ئێوارەی رۆژی 20-11-2023 گوتی: بەهۆی بارانی بەلێزمە، لافاو هەستاوە و دوو پرد لە ناوچەی پۆلدوختەر ئاو بردوونی، ئەو دوو پردە لە کاتی لافاوەکەی ساڵی 2019 بەشێوەی کاتی دروست کرابوونەوە. 
 
بەهۆی لافاو و ئاوبردنی ئەو دوو پردەوە، رێگەی هاتووچۆی 43 گوند داخراون. شەپۆلی باران ئەمڕۆش لە پارێزگای لوڕستان بەردەوام دەبێت.
 
شەپۆلی باران، پارێزگەکانی سنە و ورمێشی گرتووەتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەم دوو پارێزگایە بەفر باریوە. بەپێی زانیارییەکان رێگەی هاتووچۆی نێوان شارەکانی دیواندەرە و سنە داخراوە و دەیان ئۆتۆمبێل لەنێو بەفردا گیریان خواردووە.
 
ئەمڕۆ رێگەی هاتووچۆی نێوان سەقز بۆ دیواندەرەش بەهۆی بەفر و باهۆزە ئاستەنگی بۆ دروستبووە.
 
بەهەمان شێوە بەهۆی بارینی بەفرەوە، رۆژی دووشەممە رێگەی گەردەنەی تەتە لەنێوان شارەکانی مەریوان بۆ پاوە داخرا.