لە هەولێر دەنگی 21 سندووق جیاکراونەتەوە و پارتی زۆرترین دەنگەکانی بەدەستهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە لە کۆی 35 سندووق دەنگی 21 دانەیان جیاکرانەوە و بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنیش پارتی لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی پێنجشەممە، 21-12-2023، لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نزیکەی هەشت هەزار و 400 دەنگی دیکە لە 21 سندووقدا جیاکراونەتەوە کە سەرجەمیان سندووقەکانی دەنگدانی تایبەتن، بڕیاریشە سبەی هەینی، 14 سندووقەکانی دیکەش جیابکرێنەوە.
دەنگی لایەنە سیاسییەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
ئەنجامی 21 سندووق کە نزیکەی 8400 دەنگن:
- کەرکووک
پارتی: 2240 دەنگ
یەکێتی: 1119 دەنگ
نەوەی نوێ: 129 دەنگ
- نەینەوا
پارتی: 1834 دەنگ
یەکێتی: 622 دەنگ
1053 دەنگیش پووچەڵ کراونەتەوە
ئەو دەنگانەی دیکە کە ماون، دەنگی هاوپەیمانی و لیستە عەرەبییەکانە کە بە تەواوی دیارینەکراون.
هاوکات، رۆژی پێنجشەممە، 18-12-2023، حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پڕۆسەی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ ئەو وێستگە و سندووقانەی کێشەیان لەسەربووە و کێشەیان تێدا بووە، دەستیپێکرد، کە 1758 وێستگەن، بەپێی خشتەی کاری کۆمیسیۆن لەماوەی 70 کاژێر پڕۆسەکە تەواو دەبێت، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو یان زووتر ئەنجامی 100٪ـی دەنگەکان رادەگەێیندرێت."
لەبارەی ئەو سکاڵا و تانانەی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە تۆماکراون، حەسەن هادى گوتی، " 118 سکاڵا و تانە لەسەر هەڵبژاردن تۆمارکراون، 55ـیان لەسەر دەنگدانی تایبەت و 63یان لەسەر دەنگدانی گشتی بووە، بەڵام هیچیان نەگەیشتووەتە ئاستی سکاڵای رەنگی سوور و پێویست بکات کە ئەنجامی وێستگە یان سندووقەکان پووچەڵ بکرێنەوە، ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون لە رەنگی سەوز و زەرد بوون."
رۆژی 19ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە کە لە 15 پارێزگادا کرا، رۆژی 20ـی مانگ کۆمیسیۆن ئەنجامی 94.4٪ـی دەنگەکانی راگەیاند و ئەوانی دیکەی ماونەتەوە بەدەست هەژماردەکرێن و جیادەکرێنەوە و وردبینی دەکرێن.