شەوی یەڵدا لە سنە؛ بەهۆی گرانییەوە خەڵک ناتوانن کەلوپەلی پێویست بکڕن
رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵانی رابردوودا ئەم کاتانە بازاڕی سنە جمەی دەهات لە کڕیار، ئەم ساڵ بازاڕ پڕە و خەڵک گیرفانیان بەتاڵە. دەست بۆ هەرچییەک دەبەن، نرخەکەی ئاگر دەکاتەوە.
خەڵک ئامادەکاری بۆ شەوی یەڵدا دەکەن، لە کاتێکدا بازاڕ لە کۆنتڕۆڵدا نەماوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی وشکە و چەرەزاتی ئێرانیش دەڵیت، دۆخ لەدەست دەرچووە.
سیروان مرادی، میوەفرۆشە و باس لەوە دەکات، "ساڵان سێ رۆژ پێش شەوی چلە خەڵک دەهاتن و شتیان دەکڕی، سفرەی خەڵک پڕ بوو و تێکەڵاوی زۆرتر بوو، بەڵام ئێستا هیچ فرۆشێکی ئەوتۆمان نییە، خەڵک شتیان پێ ناکڕدرێ و داهات نەماوە".
ناسر گەنجی، هاونیشتمانییەکی سنەیە و باس لەوە دەکات، "شت گرانە و لە راستیدا خەڵکیش دەست کورتن، بەڵام شەوی چلە بۆنەیەکی باوە و خەڵک لەدەوری یەک کۆ دەبنەوە و خزم و کەس بەیەکەوە شەوێکی خۆش دەبەنە سەر."
بەو حاڵەشەوە شەوی یەڵدا نەریتێکی کۆنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاونیشتمانییان دەڵێن، گرانی نرخ وای نەکردووە دەستبەرداری بۆنەکە بن، بەڵام سفرەکانیان بچووک بووەتەوە.
فاتمە میری، خاوەن کارە و باس لەوە دەکات، "بەهۆی وشکەساڵی و گرانی و بێکاری شەوی یەڵدا چێژ و خۆشی جارانی نەماوە، بەڵام ئێمە لە ماڵی کچەکەم کۆدەبینەوە و بە هەموو منداڵەکانم گوتووە، بۆ ئەوەی گوشار نەخەینە سەریان، هەر کامەمان بەشێک لە خەرجییەکانی شەوی یەڵدا بگرینە ئەستۆ و بەو شێوەیە شەوەکە لە دەوری یەک کۆ دەبینەوە".
ئومید کەرەمی، هاونیشتمانیی روانسەرە و دەڵێت، "ساڵان دڵخۆش بووین، لە دەوری یەکتر کۆدەبووینەوە و سفرەمان گەورە بوو، ئێستا بەداخەوە سفرەکان بچووک بوونەتەوە و بەهۆی گرانی سیلەی رەحمیش کەم بووەتەوە و وەکو جاران خزم و کەسی زۆر لە دەوری یەکتر کۆ نابینەوە".
بە گوێرەی ئاماری ناوەندی ئێران، لە مانگی یەکەمی پاییزی ئەم ساڵدا هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتووەتە زیاتر لە 48٪ و هەڵاوسانیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 2٪ لە ئاستی گشتیی ئێران بەرزترە.