لە رۆژئاوای کوردستان 120 هەزار کورد بێ ناسنامەن و دیمەشق دەڵێت مافیان نافەوتێت
رووداو دیجیتاڵ
لە سەرژمێریی ساڵی 1962، هەزاران کورد لە سووریا ناسنامەیان لێ وەرگیرایەوە، بەهۆیەوە لە خوێندن و مافی کارکردن بێبەش بوون. وەزیری دادی سووریا دڵنیایی دەدات مافی کورد نافەوتێت و "وەک خۆی دەدرێت."
جگە لەو کەسانەی ناسنامەیان لێ وەرگیرایەوە، ئەوانەی دیکە لە تۆماری باری شارستانی تۆمارنەکران. ئەوان بە "مەکتووم" (شاردراوەکان) ناودەبرێن و وەک بێگانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
رێبەر یوسف، هاونیشتمانییەکی کوردی بێ ناسنامەیە و دەڵێت: "لە خوێندن بێبەش بووین، ناتوانم هیچ شتێک بخەمەسەر ناوی خۆم، تەنانەت سیمکارتی مۆبایل و خانووشمان بەناوی خۆمانەوە نییە."
کەسانی بێ ناسنامە ناتوانن لە دامودەزگا حکومییەکان دابمەزرێن، موڵک بەناو بکەن و لەڕێگەی فڕۆکەخانە و سنوورەکانەوە گەشت بکەن.
هەرچەندە لە سەرەتای قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بڕیاری پێدانی ناسنامەی بە بەشێکی کورد دەرکرد، بەڵام بەشێکی دیکەیان لەبەرئەوەی داواکراوی حکومەت بوون یان خۆیان لە سەربازیی زۆرەملێ شاردبووەوە، نەیانتوانی سەردانی فەرمانگەکان بکەن.
عەباس موسا، چالاکڤان و یاساناس دەڵێت: "کاتێک مەرسوومەکەی ساڵی 2011 دەرچوو، خەڵک لای حکومەت داواکراو بوون، بۆیە دەبێت ئەم بابەتە وەک دۆسیەیەکی گشتی یەکلایی بکرێتەوە نەک وەک دۆسیەی کەسی."
مەزهەر وەیس، وەزیری دادی ئێستای سووریا لەبارەی دۆسیەی کوردە بێ ناسنامەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کورد لە سووریا مافی هەیە، بەپێی راگەیاندنی دەستووری، ئێمە پابەندین پێوەی و دەمانەوێت رێککەوتنی 10ی ئادار کارا بکرێتەوە بۆ پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی جزیرێ."
بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی 1962، نزیکەی 120 هەزار کورد لە رۆژئاوای کوردستان بێ ناسنامە کران، کە تاوەکو ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی بەسەر ژیانی هەزاران خێزانەوە ماوەتەوە.