وەزیری وەرزشی تورکیا: ئەوانەی سووکایەتییان بە لەیلا زانا کردووە سزا دەدرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا دەڵێت، ئەو هاندەرانەی بورساسپۆر کە درووشمی سووکایەتیکردنیان بەرامبەر لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کورد گوتووەتەوە، سزا دەدرێن.
عوسمان ئاشکن باک، وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا رایگەیاند، ئەو درووشمانەی لە رێگەیانەوە سووکایەتی بە لەیلا زانا کراوە، لەگەڵ گیانی یەکگرتوویی و ئەخلاقی وەرزشیدا ناگونجێن و ئاماژەی بەوەشدا رێکاری پێویست دەستیپێکردووە.
عوسمان ئاشکن باک گوتی: "لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی پێویست لەبارەی ئەو کەسانەوە دەکرێ کە ئەو کارەیان کردووە. پرۆسەیەک دەستپێدەکات کە لە سزای قەدەخەکردنی چوونە نێو یاریگەوە بۆ ئەو کەسانەی لەوێ بوون دەستپێدەکات تاوەکو سزای دیکە. ئێمە ناکرێ ئەو پرۆسەیە قبووڵ بکەین کە لەگەڵ گیانی ئەخلاقی وەرزشیدا ناگونجێت."
لە یاریی نێوان سۆماسپۆر و بورساسپۆر کە رۆژی 16-12-2025 لە یاریگەی نازم یاڤوز سەر بە شارۆچکەی سۆما لە پارێزگای مانیسای تورکیا بەڕێوەچوو، گوتنەوەی درووشمی رەگەزپەرستانە لەلایەن هاندەرانی بورساسپۆرەوە دژی لەیلا زانا سیاسەتڤانی کورد، کاردانەوەی گەورەی لە رای گشتیدا لێکەوتەوە.