کەشناسی: شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەپێی پێشبینییەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش روو لە دابەزین دەکەن. 
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی لە میانی بەشداریکردن لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی رووداو رایگەیاند، ئەمساڵ 251.4 ملیمەتر باران لە سنووری سلێمانی باریوە و لە سەنتەری پارێزگای سلێمانیش 44 سانتیمەتر بەفرباریوە.
 
بەپێی پێشبینییەکان، لە رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و زیاتر کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی دهۆک و بەشێک لە پارێزگای هەولێر دەبێت.
 
بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی کۆتایی هەفتە، چوارشەممە و پێنجشەممە، بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی ساردەوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
ئاسۆ کەمال دەشڵێت، لە شەواندا پلەکانی گەرما هەر بە نزمی دەمێننەوە و مەترسیی بەستنی رێگەکان بەردەوام دەبێت.
 
دوای ئەو شەپۆلە بەفربارینەی هەرێمی کوردستان و سەنتەری شاری سلێمانی گرتەوە، ئاستەنگی هاتووچۆ لە بەشێک لە شەقامەکانی سلێمانی بەردەوامە و لیژنەی فریاگوزاریی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت هاتووچۆ نەکەن، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماش لە شەواندا مەترسیی روودانی رووداوی هاتووچۆ زیاترە.
 
هاوکات، ئەمڕۆ. دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی نزمبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرما و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە هەندێک ناوچە و گەڕەکەکاندا، دەوامی سبەینێ یەکشەممە لە دامودەزگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کاژێر 10ـی بەیانی دەستپێدەکات بۆ کاژێر 02:00ـی پاشنیۆڕۆ.
 
لەلایەکی دیکەوە، سە‌رۆكایە‌تیی شارە‌وانیی سلێمانی داوا لە سە‌رجە‌م پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دە‌كات بەفری نێو پرۆژەکان رابماڵن و خوێ بڕێژن، سە‌رۆكایە‌تیی شارە‌وانیی سلێمانی دەشڵێت، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە، لە بەشێک لە پڕۆژەکان ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە.
 
هاوکات لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هێشتا رێگەی بەشێک لە گوندەکان ماون خاوێن بکرێنەوە، بە سەتان گوندیش لە قەزاکانی پێنجوێن، شارباژێڕ و ماوەت بەفر بووە بە ئاستەنگ لەبەردەم رێگەی هاتووچۆیاندا.