پڕۆژەی شەقامی غەزالی لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە تێکدەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی شەقامی غەزالی لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە تێکدەدرێت. خاوەنی پڕۆژەکە دەڵێت، "حکومەت قەرەبوومان دەکاتەوە." بەڵام خاوەنی قاوەخانەیەکی ناو پڕۆژەکە دەڵێت: ئەمڕۆ لەلایەن ئیدارەی شەقامەکەوە ئاگادارکراوینەتەوە کە دەبێت سبەی شوێنەکانمان چۆڵبکەین، ئەوەش کاتێکی زۆر کەمە.
رۆژی یەکشەممە 22-1-2023، خاوەنی قاوەخانەیەک لە شەقامی غەزالیی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە دەبێت سبەی دووشەممە شوێنەکانمان چۆڵبکەین، ئێمە وامانزانی بڕیارەکەی شارەوانی کتوپرە، بەڵام پێشتر سێ جار ئیدارەی پڕۆژەی شەقامی غەزالی ئاگادار کراوەتەوە بۆ چۆڵکردنی پڕۆژەکە، بەڵام ئێمە ئاگادار نەبووین تا ئەمڕۆ."
نزار غەزالی، خاوەنی پڕۆژەی شەقامی غەزالی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئاگادارکراوینەتەوە کە پڕۆژەی غەزالی تێکدەدرێت، ئێستا لە دانوستاندنداین لەگەڵ حکومەت بۆ گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ شوێنێکی باشتر.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە ئیدارەی پارێزگای هەولێرەوە بە رووداو دراون، پێشتر چەند جارێک ئیدارەی پڕۆژەکە ئاگادارکراونەتەوە کە "دەبێت چۆڵی بکەن، لەبەرئەوەی شوێنەکە فرۆشراوە بە پڕۆژەیەکی دیکەی گەورەتر."
پڕۆژەی شەقامی غەزالی، پڕۆژەیەکی گەشتیارییە، دەکەوێتە شاری هەولێرەوە، لەلایەن کۆمەڵێک وەبەرهێن دروستکراوە، لە چەندین کافێ و رێستۆرانت پێکهاتووە، ئەمڕۆ شارەوانیی هەولێر ئاگاداریکردوونەتەوە کە سبەی پڕۆژەکە چۆڵ بکەن.
بەشێک لە خاوەن و کارکەرانی شەقامی غەزالی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، تەنیا لە سەری ساڵی 2023دا زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار سەردانی پڕۆژەکەیان کردووە.