گۆڕانکاری لە پەرتووکی کۆمەڵایەتیی پۆلەکانی 4 و 5 و 6 دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پەرتووکی کۆمەڵایەتی لە رووی دیزاین و ناوەڕۆک و تێکستەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە ساڵی نوێی خوێندندا بە هەردوو شێوەزاری بادینی- سۆرانی و زمانەکانی تورکی- عەرەبی- سریانی بەسەر خوێنکاراندا دابەش دەکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-2-2023، حەسەن جاف، بەڕێوەبەری پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە سەرپەرشتیی وەزیری پەروەردە و بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە و زانکۆ، گۆڕانکاری لە پەرتووکی کۆمەڵایەتیی پۆلی 4،5،6 کرا و لە ساڵی نوێی خوێندندا بەسەر خوێنکاراندا دابەش دەکرێت.
 
حەسەن جاف باسی جیاوازیی پەرتووکی کۆمەڵایەتیی ئێستا و داهاتوو دەکات و دەڵێت: "ئێستا مامۆستا دەبێ زۆرترین روونکردنەوە [شەرح] بکات، بەڵام لە کتێبی داهاتوودا ئەوەندە روونکردنەوەی ناوێت و وانەی کۆمەڵایەتی زۆرترین چالاکی و زانیاری لەخۆدەگرێت و چالاکییەکان لە نێوان خوێندکار و مامۆستادا دەبێت."
 
هاوکات لەبارەی راهێنانی مامۆستایانەوە؛ بەڕێوەبەری پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردە باس لەوە دەکات، راهێنان بە 600 مامۆستا دەکرێت، پاشان هەر مامۆستایەک ئەرکی راهێنانپێکردنی 10 خوێندنگە دەگرێتە ئەستۆ، تەواوی فێرکارییەکان دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستای راهێنەرەوە. 
 
لەبارەی گۆڕانکارییەکانەوە حەسەن جاف گوتی: "گرنگە لەگەڵ گۆڕینی سەردەمدا پرۆگرامی خوێندنیش بگۆڕێت. پێشتر مامۆستا دەبوو زۆرترین کات وانەکان روونبکاتەوە، ئێستا دەبێت وانەکان تێکستێکی کورت و زۆرترین چالاکی لەخۆبگرن و گرنگی بە وێنە و دیزاین بدرێت بۆ ئەوەی خوێنکار زیاتر ئاشنا بێت بە رووداوەکان و خۆشەویستی بۆ خوێندن هەبێت."