دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی '30 تیرۆریست' رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "30 تیرۆریست"یان دەستگیر کردووە کە لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە "فکرەی توندڕەوی داعشیان بڵاودەکردەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "رۆژی 21-10-2023 بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیارییان دەستکەوت لەسەر بوونی دوو گروپ لە دەڤەری ( پشدەر و بتوێن) لە رێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەویان وەرگرتووە و پیلانیان هەبووە بچنە ریزەکانی داعش و ببنە چەکداری ئەو گرووپە تیرۆریستی یە."
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئەوانە ماوەی 20 رۆژ خرانە ژێرچاودێری بەردەوام و پاشان بەڕەزامەندی دادوەر لە ئۆپراسیۆنێکدا 15-12-2023 لە قەڵادزێ 10 تیرۆریست دەستگیرکران و دووانیان ئافرەتن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دواتر لێکۆڵینەوەکان چڕکرانەوە و لە هەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاجیای هێزەکانی ئۆپراسیۆن لە 17-12-2023 لە رانیە، قەڵادزێ، ژاراوە، حاجی ئاوا، شکارتە "20 تیرۆریستی تر دەستگیرکران و رووبەڕوی یاساکرانەوە."