سبەی لە کوێ پشووە و لە کوێ پشوو نییە؟
رووداو دیجیتاڵ
پەروەردەکانی پێنجوین و چۆمان بڕیاریان دا، بەهۆی بەفربارین و سەرماوە سبەینێ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمی بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی چۆمان دەڵێت، بەهۆی بەفربارین و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی قوتابییان لە شەختە و مەترسییەکانی هاتووچۆ، لە سنووری قەزای چۆمان و ناحیە و گوندەکان، سبەینێ لە ناوەندەکانی خوێندن پشووە.
هاوکات، هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن رایگەیاند، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سنوورەکە، بە راوێژ لەگەڵ پەروەردەی قەزاکە، بڕیاریان دا سبەینێ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەردوو ناحیەی گەرمک، ناڵپارێز و نێو قەزای پێنجوێن پشووی فەرمی بێت.
پێشتر پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندبوو، بەهۆی بەفربارین و سەرماوە، سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری تەوێڵە و بیارە پشووی فەرمییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 22-02-2025، پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە، لەسەر پێشنازی پارێزگاری هەڵەبجە، بڕیاردرا لە سنووری ناحیەکانی تەوێڵە و بیارە، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، باخچەکانی ساوایان و دامەزراوەکانی حکومەت پشووی فەرمی بێت.
دوو رۆژە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. لە زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکان و لەنێو سەنتەری سلێمانی، بەفر باریوە و پلەکانی گەرما دابەزیون. کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی لە سەنتەری هەولێر و کەرکووکیش بەفر ببارێت.
پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، ئەم پشووە قوتابییانی دەرەکیی پۆلی 12 ناگرێتەوە.