ئاوارەیەکی عەفرین لە قامشلۆ دەڵێت، مەترسیی کوێربوونی یەکجاریی لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد محەممەد بیلال، کوردێکی خەڵکی عەفرینە و ئاوارەی شاری قامشلۆ بوو، بەهۆی تێکچوونی تۆڕی چاوەکانیەوە لەبەردەم مەترسیی ئەوەدایە بۆ هەمیشە بینینی لەدەست بدات.
 
ئەحمەد کە باوکی پێنج منداڵە، ئێستا لە پەناگەیەکی ئاوارەکاندا ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکات.
 
ئەحمەد محەممەدی تەمەن 40 ساڵ، چیرۆکی نەخۆشکەوتنی بۆ ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە، لە کاتی کۆچی زۆرەملێ و ئاوارەبوونی لە عەفرینەوە، بەهۆی گوشاری دەروونیی تووند و بەرزبوونەوەی کتوپڕی گوشاری خوێن لەژێر بۆردوومانەکاندا، تۆڕی چاوەکانی زیانی زۆریان بەرکەوتووە و بینینی بەتەواوەتی لەدەستداوە.
 
ئێستا ئەحمەد و خێزانەکەی لە قوتابخانەی "شەهید عەزیز" لە شاری قامشلۆ دەژین، کە کراوەتە پەناگەیەک بۆ ئاوارەکان. پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی تۆڕی چاو هەیە بۆ ئەوەی بینینی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام هەژاری و خراپیی باری دارایی خێزانەکەی بووەتە رێگر لەبەردەم  نەشتەرگەرییەکە.
 
کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییە دەڵێن، ئەحمەد بەهۆی نابیناییەوە بەتەواوەتی پەکیکەوتووە و ناتوانێت کار بکات بۆ دابینکردنی بژێویی پێنج منداڵەکەی. ئێستا خێزانەکەیان تەنیا پشت بەو هاوکارییە کەم و سنووردارانە دەبەستن کە لەلایەن خەڵکی خێرخوازەوە پێیان دەدرێت.
 
خێزانی ئەحمەد بیلال لە رێگەی رووداوەوە داوا لە رێکخراوە مرۆییەکان و خێرخوازان دەکەن بە هانایانەوە بچن و تێچووی چارەسەرەکەی بۆ دابین بکەن، تاوەکو ئەحمەد بتوانێت دووبارە بینینی بۆ بگەڕێتەوە و لەو ژیانە سەختەی ناو ناوەندی ئاوارەکان رزگاری بێت.