سەرجەم دانیشتووانی کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر کەرەنتین دەکرێن
رووداو-هەولێر
دوای ئەوەی توشبوویەکی کۆرۆنا لە سێبیرانی سەر بە هەولێر تۆمارکرا، هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگەکە کەرەنتین دەکرێن و، لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی (تۆڕی میدیایی رووداو) دوای ئەوەی رۆژی 21-3-2020 هاونیشتمانییەک بەناوی (م. ز) لە کۆمەڵگەی سێبیران سەر بە شارۆچکەی رزگاری قەزای خەبات وەک توشبووی کۆرۆنا تۆمار کرا، بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگەکە لە ماڵەکانی خۆیان کەرەنتین دەکرێن و پشکنینەکانیش لەمڕۆوە دەستیان پێکردووە و بەردەوامە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "کۆمەڵگەکە بە تەواوی کەرەنتین کراوە و پشکنین بۆ هەموو ئەو کەسانە دەکرێت لەوێ نیشتەجێن".
کۆمەڵگەی سێبیران نزیکەی 9 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە، نزیکەی 1200 ماڵ دەبێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 5300 کەس دەبێت.
کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە کوردستان 54 تووشبوون، لەنێویاندا یەک کەس گیانی لەدەستداوە و 13 کەس بەتەواوی چاکبوونەتەوە. لە پارێزگای هەولێر تاوەکو ئێستا 10 کەس تووشی کۆرۆنا بوون.