وەزارەتی پێشمەرگە بۆ عێراق: سنوورێک بۆ ئەم دەسترێژییانە دابنێن


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری چەمچەماڵ دەکات و داوا لە محەممەد شیاع سوودانی وەکو فەرماندەی هێزە چەکدارەکان دەکات "سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێپاساوانە دابنێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، "گرووپێکی تیرۆریستیی دەستیان داوەتەوە کردەوەی تێکدەرانە و لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری چەمچەماڵ".
 
وەزارەتەکە ئەو هێرشە بە "تووندی" سەرکۆنە دەکات: "ئەم پەلامارە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە".
 
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردووە: "دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزدایە".
 
دەقی راگەیێندراوەکە: 
 
راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
 
شەوی ڕابردوو، جارێکی دیکە تاقمە تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان دەستیان دایەوە کردەوەیەکی تێکدەرانە و لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری چەمچەماڵ، بە توندی ئیدانەی ئەم پەلامارە دەکەین کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە.
 
دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزدایە.
 
جارێکی تر داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین کە سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێپاساوانە دابنێت کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە.
 
وەزارەتی پێشمەرگە
22ی ئاداری 2026