زەوی و خانووی گوندەکان لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن
رووداو - سلێمانی
بەپێی بڕیارێکی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ زەوی و خانووی گوندەکان هاوشێوەی نێو شارەکان بەپێی یاسا رێکدەخرێن و لەسەر خاوەنەکانیشیان تاپۆ دەکرێن، بەو هۆیەوە هەم حکومەت و هەم گوندنشینان قازانج دەکەن.
هەرزوو بڕیارەکە رەزامەندی گوندنشینانی بەدەستهێنا، بەمەرجێک ئەو بڕە پارەیەی لەبەرامبەر تاپۆکردنی خانووەکانیان لێیان وەردەگیرێت، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکانیان بەکاربهێنرێتەوە.
محەممەد ئیبراهیم، گوندنشین دەڵێ "خەڵک بە بڕیارەکە خۆشحاڵە، بەڵام هیوادارین حکومەت رەچاوی باری دارایی هاووڵاتیان بکات و، بڕێک لەو پارەیەی وەریدەگرێت، بۆ تاپۆی خانووەکان لەسندوقیکدا کۆبکرێتەوە و، لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا بۆ گوندەکە بەکاربهێنرێتەوە".
تاپۆکردنی خانووی گوندەکان بۆ لەمەودوا هەم سنووری گوندەکانی پێ رێکدەخرێت، هەم دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانووەکان بەتایبەت لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماستەرپلانی شارە گەورەکان.
ئاری کەریم، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەیە و لەمبارەیەوە دەڵێ "بەدڵنیاییەوە (بڕیارەکە) نرخی خانوو و زەوی پێ بەرزدەبێتەوە، لەبەر ئەوەی موڵکێک تاپۆ بێت، گەرەنتی هەیە و خەڵک زیاتر دەیکرێت. بۆ هاووڵاتی (خانوو و زەوی) تاپۆ بێت باشترە وەک لەوەی فۆڕم بێت، بەڵام وەکو نووسینگەکان بۆ ئێمە باشترە تاپۆ نەکرێت، چونکە ئەگەر موڵکێک تاپۆ نەبێت، چەندجارێک کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەین و باج و رسوومات نادەینە حکومەت".
لەسنووری ماستەرپلانی سلێمانی زیاتر لە 25 گوند دەبنە گەڕەکێک لە شارەکە، کە 24 هەزار پارچە زەوییان تێدایە. بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی، بڕیارەکە دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ زیادەڕەوی سەر زەوی گشتی و، بەڕێژەی 50% کەمیدەکاتەوە.
یوسف یاسین، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەڵێ "چاوەڕێین بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بگاتە وەزارەت، پێویستە وەزارەت رێنمایی ورد بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەربکات، ئەو کاتە ئێمە بەپێی ئەو رێنماییە هەنگاودەنێین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی وەکو تاپۆ و زراعە، بۆئەوەی لەماوەیەکدا هێواش هێواش ئەو کارە دەستپێبکەین و بتوانین ئەو کارەی لەسەر شانمانە جێبەجێبکەین".
بڕیارە نوێکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا هەم سوودی بۆ گوندنشینان دەبێت بۆ تاپۆکردنی زەوییەکانیان، هەم دەبێتە سەرچاوەیەکی دیکەی داهات بۆ حکومەت، کە بەرامبەر تاپۆکردنی ئەو زەوییانە، بڕێک پارە لە هاونیشتمانیان وەردەگرێت.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار