هەفتانە زیاتر لە 100 گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەولێر و تورکیا دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هەفتانە زیاتر لە 100 گەشتی هاتن و چوون بۆ تورکیا دەکرێن. لە سلێمانییەوە راگرتنی گەشتەکان بەردەوامە و بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووکیش دەڵێت، هەفتانە 20 گەشتی چوون و هاتنیان بۆ تورکیا هەیە.
 
بەگوێرەی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، گەشتەکان لەو فڕۆکەخانەیەوە بۆ تورکیا هەفتانە زیاتر لە 100 گەشتن.
 
بەپێی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانە کە لە ماڵپەڕی تایبەت بە خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە کاژێر 01:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بۆ 12:00ی شەو، 16 گەشتی هاتن و چوون لەنێوان هەولێر – ئیستەنبووڵ؛ هەولێر – ئەنقەرە و هەولێر – ئەنتاڵیا ئەنجام دەدرێن، کە زۆربەیان بۆ ئیستەنبووڵن.
 
گەشتەکانی نێوان کەرکووک و فڕۆکەخانەکانی تورکیاش بەردەوامن. هەردی سەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەفتانە لە فڕۆکەخانەکەیانەوە 20 گەشتی ئاسمانیی هاتن و چوون بۆ تورکیا ئەنجام دەدرێن؛ 12 یان بۆ ئیستەنبووڵ و هەشتەکەی دیکە بۆ ئەنقەرەن.
 
گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ تورکیا لە 03-04-2023وە راگیراون. دوایین جار 23-12-2023 راگرتنەکە درێژکرایەوە بۆ 22-06-2024.
 
تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی 5ی نیسانی 2023 سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی سلێمانی رایگەیاند، "لە چوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو بڕیارە دراوە."
 
هەر ئەمڕۆ ناوەندی عێراقی بۆ ئابووری سیاسی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەفتانە 150 گەشتی هاتن و چوون لە پێنج فڕۆکەخانەی عێراقەوە بۆ تورکیا دەکرێن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە بەغدا و بڕیارە هەر ئەمڕۆ سەردانی شاری هەولێریش بکات. سەردانەکە بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسێیەکە، لەنێویاندا پەرەدان بە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر لەگەڵ ئەنقەرەدا.