باخچەلی: بەم نزیکانە چەکەکان ژێرگڵ دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، بەم نزیکانە چەکەکان ژێرگڵ دەکرێن و پەردەی سیاسەتی لەباوەشگرتن و دیموکراسی بۆ تاهەتایە دەکرێتەوە.
 
لە راگەیێندراوێکی نووسراودا کە رۆژی سێشەممە، 22-4-2025، بڵاوکرایەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە جەختی لەسەر چەند تەوەرێکی جۆراوجۆری تایبەت بە سیاسەتی تورکیا کردووە و لە بەشێکیشدا باسی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا کردووە.
 
باخچەلی سەبارەت بە هەنگاو و دیدارەکانی تایبەت بە پرۆسەکە دەڵێت: "لەکاتێکدا شنەبای ئاشتی، ئارامی و برایەتی لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، لە باکوورەوە بۆ باشوور هەڵیکردووە، خۆهەڵدانە سەر تەڵەی تێکدانی پرۆسەکە هەڵەیەکە تاوەکو ناپاکی دەڕوات".
 
سەرۆکی مەهەپە هەروەها رایگەیاند، ئەو لایەنە نێوخۆ و دەرەکییانەی دەیان ساڵە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن تاوەکو تۆوی دووبەرەکی لە نێوان کورد و تورک بچێنن، ئێستا بە روونی نیگەرانییان پێوە دیارە.
 
باخچەلی دەشڵێت: "بەم نزیکانە چەکەکان ژێرگڵ دەکرێن و پەردەی سیاسەتی لەباوەشگرتن و دیموکراسی بۆ هەتاهەتایە بەشێوەیەک دەکرێتەوە کە ئیدی داناخرێت. لەم قۆناخەدا لە ژێر بنەمای بانگەوازەکەی ئیمراڵی، بەستنی کۆنگرەی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی بە کۆماری تورکیا، گونجاوترین بژاردەیە لەڕووی هزر و دادپەروەریەوە".
 
باخچەلی کە رۆژی 1-10-2024 لە پەرلەمانی تورکیا بە تەوقەکردن لەگەڵ هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی دەم پارتی، دەسپێکردنی پرۆسەکەی راگەیاند، دەڵێت: "ماڵئاوایی لە چەکە خوێناوی و نایاساییەکان وەفایە بۆ بەهای مرۆڤایەتی. نابێت ئەم کارە لەمە زیاتر درێژە بکێشێت".
 
پرۆسەی نوێی چارەسەری
 
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەرلەمانی تورکیادا چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی کرد.
 
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ساز بکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. 
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
  
پەکەکە ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە نیشاندا. هەروەها جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.