باکرهان: پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی بۆ تورکیا بژاردە نییە و بەرپرسیارێتییە

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پرۆسەی ئاشتیی بە دەرفەتێکی گەورە بۆ تورکیا وەسفکرد و جەختیکردەوە کە ئەمە بژاردە نییە و بەرپرسیارێتییە.
 
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا کە رۆژی سێشەممە، 22-4-2025، لە پەرلەمانی تورکیا بەرێوەچوو، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی پرۆسەی ئاشتی کرد.
 
باکرهان هەوڵە هەنووکەییەکانی تورکیای بۆ ئاشتی بە دەرفەتێکی گەورە وەسفکرد و گوتی: "ئەمڕۆ بۆ تورکیا، پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسیی کۆمەڵگەیی تەنیا بژاردە نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییە. ئەم پرۆسەیە گەورەترین دەرفەتە بۆ تورکیا و هیوادارم هەموومان هەڵیبسەنگێنین".
 
هەروەها گوتەیەکی ویلیام شێکسپیر شاعیر و شانۆنووسی ئینگلیزی بە نموونە هێنایەوە کە دەڵێت: "لە پەیوەندیی مرۆڤەکاندا هەڵبەز و دابەز هەیە. ئەوەی بەرزترین شەپۆل لەکاتی دروستدا بقۆزێتەوە، سەردەکەوێت".
 
تونجەر باکرهان گوتیشی: "ئێمەش دەڵێین، ئەم پرۆسەی ئاشتییە کە ئێستا پێیدا تێدەپەڕین، رێک شەپۆلێکی وەهایە. ئەگەر لەگەڵ 85 ملیۆن لەکاتی دروست ئەو شەپۆلە بقۆزینەوە، چارەنووسی ئەم وڵاتە دەگۆڕین".
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، ئەگەر ئەم دەرفەتی ئاشتەواییە لەدەست بچێت، 85 ملیۆن کەس لەڕووی ئابووری، دیموکراسی و زۆر بواری دیکەدا رووبەڕووی دۆخێکی خراپ دەبێتەوە.
 
تونجەر داوای لە تەواوی لایەنەکان کرد کە هاوکار بن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە سەلامەتی بەردەوام بێت و بگاتە ئەنجام.
 
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەرلەمانی تورکیادا چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی کرد.
 
ئەو رووداوە  رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. 
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
  
پەکەکە ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە نیشاندا. هەروەها جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.