چەند کەسێک لە سلێمانی 300 دەفتەر دۆلاری 120 خێزان دەبەن


رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 120 خێزان لە سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمپانیایەکی گەشتیاری بەناوی "رۆڤەر ئێر" و نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو تۆماردەکەن و تۆمەتباریان دەکەن بە بردنی نزیکەی 3 ملیۆن دۆلار (300 دەفتەر) بە بەڵێنی وەرگرتنی ڤیزە. سکاڵاکاران دەڵێن، ماوەی ساڵێک و سێ مانگە دۆسیەکەیان لە دادگە و پۆلیس یەکلایی نەکراوەتەوە.
 
نوێنەری سکاڵاکاران کە نەیویست ناو و شێوەی دەربکەوێت، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ماوەی ساڵێک و سێ مانگە ئەم دۆسیەیە لە دادگەیە و یەکلایی ناکرێتەوە. ئێمە 120 خێزانین، پارەمان داوەتە 4 کەسی فێڵباز." بە گوتەی ئەو، زۆربەی خێزانەکان بەهۆی هەبوونی نەخۆشەوە داوای ڤیزەیان کردووە، لەنێویاندا خێزانێک کە دوو منداڵی ئۆتیزمیان هەیە.
 
بە گوتەی سکاڵاکاران، چوار کەسی سەرەکی لەپشت ئەم دۆسیەیەوەن؛"س. س"، خاوەنی نیوەی کۆمپانیاکە، کە ماوەی ساڵ و سێ مانگە ونە و لە "دەرەوەی وڵاتە". سکاڵاکاران داوادەکەن ناوی بخرێتە لیستی ئینتەرپوولەوە، بەڵام دەڵێن دادگە داواکەیان جێبەجێ ناکات.
 
کەسی دووەم لەم کەیسە کە ناوی دەهێندرێت، رەوەز رێبوارە، هاوبەشی 'س.س'، کە فەرمانی گرتنی هەبووە بەڵام دواتر بە نووسراوێکی دادگە "بێبەری" کراوە و ئێستا ئازادە. رەوەز، لە بەرپرسیار، گوتی، کە ئەویش قوربانییە و هاوبەشەکەی دوو ملیۆن دۆلاری ئەوی بردووە.
 
کەسی سێیەم کە وەک تۆمەتبار ناوی دەهێندرێت، 'س. ا'ـە، کارمەندێکی کۆمپانیاکە بووە و تۆمەتبارە بە رێکخستنی کارەکان و واژۆکردنی گرێبەستەکان بە 'ناوێکی خوازراو'ەوە. بەڵام ئەو تۆمەتبارە رەتیدەکاتەوە مامەڵەکان پەیوەندییان بە ئەوەوە هەبێت و بە رووداوی گوت: "من تەنیا کارمەندێکم و ئێستا مووچەکەی منیشیان بڕیوە کە 700 هەزار دینارە."
 
ئەو کەسەی کە پارەکەی وەرگرتووە لە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو و وەک تۆمەتبار ناوی دەهێندرێت، 'س. ج'، کە لە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی "کاوڵان" کاری کردووە و پارەکە لەوێ وەرگیراوە. باوکی 'س.ج' بە رووداوی گوت: "منیش ئێستا بەدوای خاوەنی کۆمپانیاکە دەگەڕێم و دەمەوێ بیدۆزمەوە. کوڕەکەم تەنیا فەرمانی جێبەجێکردووە و تەنیا کارمەندێکی کۆمپانیاکە بوو."
 
کاروان ئیسماعیل، یەکێک لە سکاڵاکاران، 6 دەفتەر دۆلاری بۆ وەرگرتنی ڤیزای کەنەدا بۆ چوار کەس داوە، بەڵام دواتر لە کۆنسوڵخانەی کەنەدا پێیان گوتووە کە قبووڵەکەی ساختەیە. ئەو لە بەرپرسیار، گوتی: "دوای سێ رۆژ لە رادەستکردنی مامەڵەکە، کۆمپانیاکە داخرا و خاوەنەکانی هەڵاتن."
 
دۆسیەکە سەرەتا لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری بووە، بەڵام سکاڵاکاران دەڵێن بەهۆی "دەستوەردان" و خاوی لە بەڕێوەچوونی کارەکان، داوایان کردووە دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی کوردسات.
 
رەوەز رێبوار، خاوەنی نیوەی کۆمپانیای رۆڤەر ئێر و یەکێک لە تۆمەتبارەکان، رەتیدەکاتەوە پارەی لە خەڵک وەرگرتبێت و دەڵێت، "منیش سکاڵام لەسەر هاوبەشەکەم هەیە کە رایکردووە. دادگە بێبەری کردووم و دوو ملیۆن دۆلاری منیش بردراوە."
 
سۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی، کۆمپانیای "رۆڤەر ئێر" لای ئەوان تۆمارکراوە، بەڵام مۆڵەتی کاری گەشتیاری لەلایەن دەستەی گەشتوگوزارەوە پێدەدرێت و کۆمپانیاکە بەرپرسە لە گرێبەستەکانی.
 
رۆژی چوارشەممە، ژمارەیەک لە سکاڵاکاران سەردانی دادگەی سلێمانییان کردووە. نوێنەری سکاڵاکاران دەڵێت، سەرۆکی دادگەی سلێمانی بەڵێنی پێداون کە کار لەسەر دۆسیەکەیان بکات و بە حاکمی دۆسیەکەی گوتووە، "زوو ئیحالەی بکە و تانەی پارێزەر وەرمەگرە."