بەرپرسیار؛ بکوژێک دوای 45 رۆژ نهێنیی کوشتنی دایک و باوکی ئاشکرا کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 20-04-2026، رووداوێکی کوشتن لە هەولێر پەردەی لەسەر تاوانێکی دیکەی قورستر هەڵدایەوە، کاتێک تۆمەتبارێک بە برینداری دەستگیر کرا و دەرکەوت 45 رۆژ پێشتر دایک و باوکی خۆی کوشتووە و تەرمەکانی لەنێو ماڵەکەیان شاردبووەوە.
رووداوەکە بە کوژرانی گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ بەناوی نووری عارف زرگوزی دەستیپێکرد، کە دراوسێی تۆمەتبارەکە بوو. دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبار (هـ. م)ی تەمەن 30 ساڵیان بە برینداری لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرد، بۆنی تەرم لەنێو ماڵەکەدا بووە سەرەداوی ئاشکرابوونی تاوانێکی دیکە.
سلێمان باپیر، مامی تۆمەتبارەکەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "نزیکەی 45 رۆژ بوو هەواڵی براکەم (محەممەد باپیر) و براژنم (موئمین) نەبوو. کاتێک لە برازاکەم دەپرسی، دەیگوت بۆ چارەسەر ناردوومن بۆ هیندستان و بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریکا و گەشتەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە."
محەممەد باپیر مۆبایلی نەبووە و هاوژینەکەیشی بەناوی موئمین، مۆبایلی نەبووە. سلێمان باپیر، لە ماوەی ونبوونی برا و براژنەکەی، تەنانەت چووەتە ماڵیشیان و نەیزانیوە کوژراون.
محەممەد باپیر، چوار برا و چوار خوشکی هەن. سلێمان ، ئاماژەی بەوەشکرد کە 10 رۆژ پێش ئاشکرابوونی تاوانەکە، سەردانی ماڵی براکەی کردووە و هەستی بە بۆنێکی ناخۆش کردووە، بەڵام برازاکەی پێیگوتووە کە ئەوە بۆنی "سۆپا و شۆرتی کارەبایە." ئەو دەڵێت، "ماڵەکە تاریک بوو و بەتانییەک بەسەر تەرمەکاندا درابوو، بۆیە هیچ گومانم نەکرد."
تۆمەتبار ناوی "ه.م" تەمەنی 30 ساڵە و لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە. بەپێی راپۆرتی پزیشکی کە لە 23-08-2022 دەرچووە و کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە، تۆمەتبار تووشی "تەمبەڵی کارکردنی غودە، کۆبوونەوەی چەوریی جگەر و خاوبوونەوەی زمانەکانی دڵ و هەوکردنی گەدە" بووە.
بە گوتەی مامی، تۆمەتبارەکە کێشەی دەروونی و جەستەیی هەبووە و پێشتریش چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر دایک و باوکی و لێیان داوە، بەڵام هەر خودی ئەوان دواتر هەوڵی ئازادکردنیان داوە، " تاقانە بوو، کەسێکی زۆر تووڕەبوو، بەردەوام شەڕی دەکرد."
مامی تۆمەتبارەکە بەمشێوەیە باسی ئاشکرابوونی کوژرانی برا و براژنەکەی دەکات؛ سێ رۆژە نەشتەرگەری کراوم، لە نەخۆشخانە بووم بووە دەنگە دەنگ. گوتیان برازاکەم بەشەڕهاتووە و کەسێک کوژراوە. پاشان گوتیان؛ برازاکەت کەسێکی کوشتووە. دوایی تلفۆنیان بۆ کردمەوە گوتیان برا و براژنەکەشت کوژراون. من نەشتەرگەری کراوم نەمتوانی بچمە شوێنەکە."
ئەو گەنجەی دوێنێ ئێوارە کوژرا، ناوی نووری عارف زرگوزییە، تەمەنی 20 ساڵە و هاوژینی پێکنەهێناوە. قوتابی بوو، کاری کرێکاریشی دەکرد. دراوسێی ماڵی تۆمەتبارەکەیە.
مامی گەنجە کوژراوەکە، لە بەرپرسیار، گوتی، "کاژێر 9:30ی شەوی رابردوو برازاکەم گیانی لەدەستدا. یاسا سەروەرە و پرسەمان دانەناوە و چاوەڕێی ئەنجامی یاساین."
مامی تۆمەتبارەکە دەڵێت، خوشک و براکان پەیوەندیمان بە برازاکەمەوە دەکرد، دەیگوت دەنگوباسیان نییە. لە رێگەی خێرخوازانەوە پارەیان لەدەستدا هەبوو، بۆیە گومانی ئەوەمان نەکرد شتێکی وای کردبێت.
تۆمەتبار لەگەڵ دایک و باوکی، لە 08-04-2023 لە بەرنامەیەکی بەرپرسیاری رووداو قسەیان کرد، کە تایبەت بوو لەسەر خراپی بژێویی ئەو خێزانە. تۆمەتبار ئەوکات بە فیشەک خۆی بریندارکردبوو، گوتی، "هاوژینەکەم جێیهێشتووم. نەخۆشم و تووشی نەخۆشیی دەروونی بووم و گولەیەکم لە خۆمدا. نەخۆشم و ناتوانم دەوام بکەم."
دکتۆر ئەحمەد سوورچی، پسپۆڕی نەخۆشیی دەروونی، لەوبارەیەوە دەڵێت، "زۆرجار کەسێک تاوانێک دەکات، پەنا دەباتە بەر ئەوەی گوایە نەخۆشیی دەروونی هەیە. ئەو راپۆرتە پزیشکییە ئاماژە بە کێشەی جەستەیی دەکات، کە رەنگە نیشانەکانیان لە نەخۆشیی دەروونی نزیک بێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کەسەکە نەخۆشیی دەروونیی هەبووە."